Skip to content
krd24.netkrd24.net

قایمقامی هەولێر: فرۆشتنی خواردنەوەی وزەبەخشمان بە منداڵان قەدەخە کردووە

قایمقامی هەولێر: فرۆشتنی خواردنەوەی وزەبەخشمان بە منداڵان قەدەخە کردووە
گشتی
خواردنەوە وزەبەخشەکان
خواردنەوە وزەبەخشەکان
کوردستان وزەبەخش هەولێر

قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر بڕیاری دا فرۆشتنی سەرجەم جۆرەکانی خواردنەوەی وزەبەخش بە منداڵان و هەرزەکاران بە تەواوی قەدەخە بکات، هۆشداریش دەداتە فرۆشیاران رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە ئەگەر ببنە هۆی تێکچوونی تەندروستیی منداڵان.

لەپێناو پاراستنی تەندروستیی منداڵان و هەرزەکاران، قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر بڕیاری دا دابەشکردن و فرۆشتنی سەرجەم جۆرەکانی خواردنەوەی وزەبەخش بە منداڵان و هەرزەکاران لە مارکێت و دووکانەکاندا بە تەواوی قەدەخە بکات. جەختیشی لە لێپێچینەوەی توندی یاسایی لە سەرپێچیکاران کردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 28ــی ئەیلوولی 2026، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر بەـی راگەیاند، سەرجەم لیژنەکانی چاودێری و پشکنینیان راسپاردووە بۆ بەدواداچوونی مەیدانیی ورد و چاودێریکردنی دووکان و مارکێتەکان. 

قایمقامی هەولێر هۆشداریی دا، هەر کاسبکارێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە. بڕیارەکە بە جۆرێکە لە حاڵەتی تێکچوونی تەندروستی یان گیانلەدەستدانی هەر منداڵێک بەهۆی ئەو خواردنەوانەوە، راستەوخۆ ئەو دووکاندارەی خواردنەوەکەی پێ فرۆشتووە رووبەڕووی بەرپرسیارێتیی یاسایی و دادگا دەکرێتەوە.

ئەم رێکارەی قایمقامیەتی هەولێر لە کاتێکدایە لەسەر ئاستی عێراق هیچ یاسایەکی تایبەت بۆ رێگریکردن لە فرۆشتنی خواردنەوە وزەبەخشەکان بە منداڵان بوونی نییە. بەم دواییانەش لە پارێزگای دیالە منداڵێکی تەمەن 13 ساڵان دوای خواردنەوەی شەش قوتوو لە خواردنەوەی وزەبەخش گیانی لەدەست دا.

خواردنەوە وزەبەخشەکان بڕێکی زۆر لە کافاین، شەکر و ماددەی هاندەری دەستکردیان تێدایە. پزیشکان و رێکخراوە تەندروستییە جیهانییەکان بەردەوام هۆشداری دەدەن لە بەکارهێنانی ئەم جۆرە خواردنەوانە بۆ منداڵان و مێردمنداڵان، لەبەر ئەوەی دەبنە هۆی خێراتربوونی لێدانی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، تێکچوونی خەو و دڵەڕاوکێ، هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا دەبنە هۆی جەڵتەی دڵ.

 
شەنگە ئەحمەد ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news