پرۆسەی وەرگرتنی مامەڵەی حاجیانی جێگرەوەی ساڵی 2027 دەستی پێکرد و دوا وادەش رۆژی پێنجشەممە سەرەتای مانگی 10 دەبێت.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەرێوبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە، رایگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی مامەڵەی ئەو کەسانە دەستی پێکردووە کە ناویان وەک حاجیانی جێگرەوە بۆ حەجی ساڵی 2027 هاتووەتەوە.
وتیشی 2400 کەس کە ساڵی ڕابردوو بە تیر و پشک ناویان وەک جێگرەوە هاتووە، ئەمساڵ دەتوانن بەبێ تیر و پشک بەشداری پرۆسەی حەجی 2027 بکەن.
بۆ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی حەج، بڕی 6 ملیۆن دینار وەک گوژمەی یەکەم لە حاجیانی جێگرەوە وەردەگیرێت، پێویستە تا ئەو وادەیەی کە دیاریکراوە بەڵگەنامە پێویستەکان، لەوانە کۆپی پاسپۆرت و کارتی نیشتیمانی، لەگەڵ زانیارییە کەسییە پێویستەکان،ئامادە بکەن و سەردانی بەرێوبەراتی حەج و عەمرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی پرۆسەکە. گوتیشی لە ئەمڕۆوە تا رۆژی پێنجشەممە 1ی مانگی 10 پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و ئەگەر تا ئەوکاتە مامەڵەکان تەواو نەکرێن، ئەگەری هەیە وادەکە درێژ بکەنەوە.
کاروان ستوونی گوتیشی، بڕی گوژمەی دووەمی پارەکە هێشتا دیاری نەکراوە، چونکە تێچووی کۆتایی حەجی ساڵی 2027 لەلایەن عێراقەوە دیاری نەکراوە. ئەگەر تێچووی حەج زیاد بکرێت، گوژمەی دووەمیش بەپێی ئەو گۆڕانکارییانە دیاری دەکرێت.
هەروەها ڕایگەیاندووە کە کۆی ئەو کەسانەی بۆ حەجی 2027 ناویان هاتووەتەوە، 5120 کەسە، لەوانە 2400 کەس حاجیانی جێگرەوەن.




