بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ئاکرێ ئاشکرای دەکات، ئەمساڵ زیاتر لە 13000 دۆنم زەوی بە برنج داچیندراوە و پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵ بگاتە زیاتر لە 13000 تۆن، کە بەشێکی زۆریشی رەوانەی دەرەوە و پارێزگاکانی دیکە دەکرێت.
جوتیارانی سنووری شارۆچکەی ئاکرێ بە داس و دەراسە دەستیان بە دروێنەی بەرهەمی ئەمساڵی برنج کردووە. دوای پێنج مانگ لە ماندوبوون و خزمەتکردنی زەوییەکانیان، بەرهەمێکی باش پێگەیشتووە و هەردوو جۆری "تەحالوف"و "میسری"بەر لە جۆرەکانی دیکە پێگەیشتوون و کەوتوونەتە بازاڕەوە.
ئەمساڵ لە دەڤەری ئاکرێ شەش جۆری جیاوازی برنج چێندراون، کە بریتین لە (برنجی شەش مانگی، سەدری، تەحالوف، بۆندار، کەسنەدیتی و میسری). هاوكات نرخى هەر كیلۆیەك برنجى كوردی بەگوێرەی جۆرەکەی لەنێوان 2000 بۆ 4000 دیناردا مامەڵەی پێوە دەکرێت.
شارۆچکەی ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک بە یەکێک لە ناوچە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی برنج لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و عێراق ئەژمار دەکرێت، بەهۆی جۆری ئاووهەوا و بەپیتی خاکەکەی، برنجی ئەم ناوچەیە بە ناوبانگترین جۆری برنجە و داواکارییەکی زۆری لەسەرە.




