لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای "رێکاری ستراتیژی بۆ دابینکردن و گەرەنتییکردنی پێشکەوتنی بەردەوام لە گەرووی هورمز و کەنداو"کۆتایی هاتووە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا حەسەن قەشقاوی، گوتەبێژی لیژنەکە ئاشکرایکرد، ئەمە دوای پەسندکردنی ئەو مادانەی پڕۆژەکە دێت کە مابوونەوە.
قەشقاوی گوتی: "تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای رێکاری ستراتیژی بۆ دابینکردن و گەرەنتییکردنی پێشکەوتنی بەردەوام لە گەرووی هورمز و کەنداو لە خشتەی کاری ئەندامانی لیژنەکەدا بوو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا و ماددی 16ی پڕۆژەکە پەسند کرا".
قەشقاوی روونیکردەوە، ماددەی 16 کە پەسندکراوە، دیاری دەکات لەو کاتەوە یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، سیستەمی حاکم لە ناوچەی گەرووی هورمز تەنیا پابەندی بڕگەکانی ئەم یاسایە دەبێت.
هاوکات روونیکردەوە، سەرجەم بڕگە و یاسا و رێساکانی پێشوو کە لەگەڵ ئەم یاسایەدا سەبارەت بە گەرووی هورمز دژبەر بن، هەڵدەوەشێنرێنەوە و یاساکە دەبێتە بنەمای یاسایی بۆ سیستەمی حاکم لە سنووری گەرووەکەدا.
قەشقاوی ئاشکرایکرد، پەسندکردنی ئەم ماددەیە بە واتای ئەوە دێت، لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمان، بە شێوەیەکی کۆتایی لە تاوتوێکردنی پڕۆژەکە بووەتەوە.
پێشتر لیژنەکە لە نوێترین قۆناخەکانی تاوتوێکردنی پڕۆژەکەدا، سزای بەسەر ئەو کەشتییانەدا سەپاند کە پابەندی رێنماییە دیاریکراوەکان بۆ تێپەڕین لە گەرووی هورمز نابن. سزاکان دەستبەسەرداگرتنی کاتیی کەشتییەکە و وەرگرتنی 20%ـی بار یان بەهای کەشتییەکە دەگرێتەوە.
پڕۆژەکە داوای دامەزراندنی دەستەی دادوەریی تایبەتمەند دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو دۆسیانە، بە بەشداریی دادوەران و شارەزایانی بواری یاسای دەریاوانی و یاسای نێودەوڵەتیی دەریاکان.
بەگوێرەی ئاژانسی مێهر، پڕۆژەیاساکانی پێشکەشکراو بۆ پەرلەمان، دوای ئەوەی لە لیژنە پەیوەندیدارەکان پەسند دەکرێن، دەخرێنە بەردەم دانیشتنی گشتی بۆ پەسندکردنیان لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانتارانەوە. بۆ ئەوەی رەوایەتیی یاسایی وەربگرن و بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێت رەزامەندیی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووریش بەدەست بهێنن.




