Skip to content
krd24.netkrd24.net

ترەمپ: ئێران لە رووی سەربازیی و ئابوورییەوە داڕماوە

ترەمپ: ئێران لە رووی سەربازیی و ئابوورییەوە داڕماوە
جەنگی ئێران سیاسی
جیهان دۆسیەی ئەتۆمی ئێران گەرووی هورمز جەنگی ئێران و ئەمریکا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن لە لێواری بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی خێرادایە لە شەڕی دژ بە ئێران و جەختیشی کردەوە، تاران لە هەردوو رووی سەربازی و ئابوورییەوە دووچاری داڕمان بووەتەوە.

دووشەممە 28ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز"گوتی: "پێموایە زۆر بەمزووانە لە جەنگی دژ بە ئێران سەرکەوتن بەدەست دەهێنین. دوای ئەم سەرکەوتنەش، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دادەبەزێتەوە بۆ ئاستەکانی پێش جەنگ."

سەبارەت بە پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە: "خاڵ و کلیلی بنەڕەتی ئەوەیە کە نابێت ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، ئێستاش وەڵامدانەوەی ئەتۆمی بووەتە کلیل و جەوهەری تەواوی ئەم پرسە."

ترەمپ رایگەیاند، وڵاتەکەی لە دوو بەرەی گرنگدا باڵادەستە و گوتی: "ئێمە لە هەردوو بەرەی سەربازی و ئابووریدا لە بەرامبەر ئێران سەرکەوتن تۆمار دەکەین. لە رووی سەربازییەوە، لە راستیدا ئێمە سەرکەوتووین، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئۆپەراسیۆنەکان راگرتووە، بەڵکو بەردەوامین و سەرکەوتنێکی یەکجار گەورە بەدەستدەهێنین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ تیشکی خستە سەر دۆخی ناوخۆی تاران و رایگەیاند: "ئابووریی ئێران بە تەواوی کۆتایی هاتووە و شتێک نەماوە بە ناوی ئابووری، دراوەکەیان بێبایەخ بووە و رێژەی هەڵاوسانیش نزیک دەبێتەوە لە 300%، سوپاکەیان تێکشکاوە و ئابوورییەکەیان داڕماوە، بە کورتی ئەوان لە دۆخێکی زۆر سەخت و چەقبەستوودان."

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان و گەڕاندنەوەی بژاردەی سەربازی بۆ سەر مێز پێش وادەی هەڵبژاردنەکان، ترەمپ ئامادە نەبوو بە تەواوی رەتی بکاتەوە و گوتی: "ئەوە ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام بە سادەیی ئێستا نامەوێت ئەوە پشتڕاست بکەمەوە."

 
 
کاروان شوانی ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news