Skip to content
krd24.netkrd24.net

لە ئیدارەی راپەڕین ئاژەڵداران بەدەست کەمیی شوان دەناڵێنن

لە ئیدارەی راپەڕین ئاژەڵداران بەدەست کەمیی شوان دەناڵێنن
گشتی
کوردستان ئیدارەی راپەڕین

سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار ملیۆن سەر مەڕ و بزن هەیە، بەڵام دەستنەکەوتنی شوان کێشەیەکی گەورەی بۆ ئاژەڵداران دروستکردووە؛ بەشێک لە خاوەن ئاژەڵەکان ناچار بوون خۆیان یان ژنەکانیان ڕانەمەڕەکان ببنە لەوەڕگاکان، هاوکات بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە پەنا بۆ شوانکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبردرێت.

پێشینان گوتوویانە “مەڕ بە شوانەوە مەڕە، مەڕی بێ شوان سەرگەردانە”، ئێستا دەستنەکەوتنی شوان بۆ ئاژەڵدارانی هەرێمی کوردستان خەریکە هەم ئاژەڵ و هەم ئاژەڵدارانیش سەرگەردان دەکات.

موراد ئاژەڵدارێکی دەڤەری ڕاپەڕینە و باسی لەوە کرد، کوڕەکانی گەورە بوون و لەبری شوانی، روویان لە پیشە و کاسبیی دیکە کردووە، بۆیە بە ناچاری خۆی ڕۆژانە مەڕەکانی دەباتە لەوەڕگاکان. موراد گوتی "گەنجانی ئێستا خەریکی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن و شوانی ناکەن، تەنانەت منداڵەکانی خۆشم پێم دەڵێن ئاژەڵەکان بفرۆشە. ئەگەر شوانیش دەستبکەوێت، مانگانە لە 500 هەزارەوە تا 800 هەزار دینار مووچەکەیەتی، جیا لەوەی دەبێت خاوەن ماڵ پێڵاو و جلوبەرگ و شوێنی حەوانەوە و پاکوخاوێنیشی بۆ دابین بکات."

لە کلتووری کۆندا پیاوان شوانییان دەکرد و ژنانیش وەک "بێری"مەڕیان دەدۆشی، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی دەستنەکەوتنی شوانەوە، ژنانیش شانبەشانی پیاوان یان لە جێگەی ئەوان، گۆچانەکانیان بەدەستەوە گرتووە و ڕانەمەڕەکان دەبەنە لەوەڕگاکان.

بەهۆی دوورکەوتنەوەی گەنجانی ناوخۆ لەم پیشەیە، دەرفەتی کار بۆ شوانکارانی پارچەکانی دیکەی کوردستان رەخساوە. محەممەد، کە گەنجێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ماوەی چوار ساڵە لە هەرێمی کوردستان شوانی دەکات، ئاماژەی بەوە کرد کە جگە لە خۆی، 10 کەسی دیکەی لە رۆژهەڵاتەوە هێناوە و کاری شوانی بۆ دۆزیونەتەوە. محەممەد دەڵێت، "وەک چۆن گەنجانی ئێران و ئێرە روو لە ئەوروپا دەکەن، ئێمەش هاتووینەتە ئێرە و داهاتی کارەکە لە هەرێمی کوردستان بەرامبەر تمەنی ئێران باشە و بەشی بژێوی دوو تا سێ کەسمان بۆ دەکات."

لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی چوار ملیۆن سەر مەڕ و بزن هەن و سەدان خێزان بژێویی ژیانیان لەسەر کەرتی ئاژەڵدارییە، هەروەها بەرهەمی شیرەمەنیی ئەوان بەشێکی بەرچاو لە پێداویستیی بازاڕی ناوخۆ دابین دەکات، بەڵام قەیرانی نەبوونی شوان مەترسیی لەسەر مانەوەی ئەم کەرتە دروستکردووە.

سەختی و ماندووبوونی ژیانی شوانکاری وایکردووە گەنجان دەست لەم پیشە کۆنە هەڵبگرن، هاوکات گرفتەکە تەنیا تایبەت نییە بە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە وڵاتانی دەوروبەریش بە هەمان شێوە بوونی هەیە؛ بۆ نموونە لە تورکیا سەرباری ئەوەی مووچەی مانگانەی شوانێک دەگاتە نزیکەی 1,600 دۆلار، کەچی هێشتا کەرتی ئاژەڵداری بەدەست دەستنەکەوتنی شوانەوە دەناڵێنێت.

 

 
 
ئاراس ئەمین ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news