کۆمپانیای نەوتی سووریا دەستپێکردنی گواستنەوەی ئەو بەنزینەی ڕاگەیاند کە لە ڕێگەی بەندەری "بانیاس"ی سەر دەریای ناوەڕاستەوە بۆ عێراق هاوردە کراوە؛ بەپێی لێدوانی بەرپرسانی سووریا، دوای ناردنی کاروانی یەکەم بە 57 تانکەر، کار دەکرێت تاوەکو رۆژانە بڕی هەناردەکە لە ڕێگەی دەروازەی تەنفەوە بۆ 200 تانکەر بەنزین بەرز بکرێتەوە.
یەکشەممە 27ی ئەیلوولی 2026، بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمیی سووریا (سانا)، پرۆسەی گواستنەوەی بەنزین لە بەندەری نەوتی بانیاس لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستەوە بۆ نێو خاکی عێراق چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەحمەد قوباجی، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کەرتی گواستنەوە و کۆگاکردن لە کۆمپانیای سووریا بۆ سووتەمەنی، ئاشکرای کرد پرۆسەکە لە رۆژی پێنجشەممەوە دەستی پێکردووە و لە قۆناخی سەرەتاییدا کاروانێکی پێکهاتوو لە 57 تانکەری بەنزین رەوانەی عێراق کراوە.
گوتیشی: "کارکردن بەردەوامە بۆ ئەوەی ژمارەی ئەو تانکەرانەی لە دەروازەی سنووریی تەنفەوە دەپەڕنەوە بۆ عێراق بەرز بکرێتەوە بۆ 200 تانکەر لە رۆژێکدا، تاوەکو پێداویستیی بازاڕی عێراق دابین بکرێت."
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بەهۆی پەککەوتنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز لە ئەنجامی گرژییە سەربازییەکان، بەغدا و دیمەشق رێککەوتن لەسەر بەکارهێنانی خاکی سووریا وەک رێڕەوێکی بەدیلی وزە.
بە گوتەی بەرپرسەکەی کۆمپانیای سووتەمەنیی سووریا، ئێستا رۆژانە نزیکەی هەزار و 200 تانکەر نەوتی خاوی عێراق بە خاکی سووریادا بەرەو بەندەرە دەریاییەکان تێدەپەڕن تا هەناردەی دەرەوە بکرێن، لە بەرامبەریشدا عێراق لە رێگەی هەمان هێڵی وشکانییەوە بەنزینی پاڵێوراو لە بەندەری بانیاسەوە هاوردەی ناوخۆی وڵاتەکەی دەکات.




