Skip to content
krd24.netkrd24.net

ئەکسیۆس: گەڕێکی دیکە دانوستانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچێت

ئەکسیۆس: گەڕێکی دیکە دانوستانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچێت
سیاسی
جیهان

ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوە هەرێمییەکان و بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردووەتەوە، نێوەندگیرە قەتەرییەکان پێشنیازێکی نوێی سازشکارییان خستووەتەڕوو بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئێران؛ هاوکات سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا جەخت دەکاتەوە کە بەردەوام بیر لە لێدانی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکاتەوە و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت وڵاتەکەی هێشتا دەرگای دیپلۆماسیی دانەخستووە.

یەکشەممە 27ی ئەیلوولی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوە هەرێمییەکان و بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، سەرەڕای راگەیاندنی رەتکردنەوەی پلانەکەی ئێران، نێوەندگیرە قەتەرییەکان بەردەوامن لە دیپلۆماسیی هاتوچۆ بۆ گەیشتن بە سازش.

ئەو پێگە ئەمریکییە ئاماژەشی داوە، لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە نیویۆرک لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەتەوە، و پاشانیش شاندێکی قەتەری لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نوێنەرانی ئیدارەی ترەمپ دانیشتوون. قەتەر پڕۆژەیەکی دەستکاریکراو و سازشکاریی وەک بژاردەی سێیەم ئاراستەی هەردوولا کردووە تا لەسەری رێکبکەون، و پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان بە نێوەندگیریی دەوحە دەستپێبکەنەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هێڵی ناکۆکیی نێوان واشنتن و تاران لەوەدایە کە ئێران دەیەوێت لە بەرامبەر کردنەوەی گەرووی هورمزدا سەرجەم گەمارۆ دەریایی و نەوتییەکان هەڵبگیرێن، بەڵام ئیدارەی ترەمپ مەرجی داناوە کە دەبێت تاران سازش لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی بکات و پیتاندنی یۆرانیۆم بە تەواوی رابگرێت.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی هەواڵی "ئەکسیۆس"ئاماژەی بە هەوڵە دیپلۆماسییە ژێربەژێرەکان کرد و گوتی:"پێشبینی دەکەم لەم هەفتەیەدا گفتوگۆی زیاترمان لەگەڵ ئێراندا هەبێت. ئەوان دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن، بەڵام ئەو رێککەوتنە نا کە من دەمەوێت؛ رەنگە پێشنیازەکەی ئێستا ئەوە بێت کە ساڵێک لەمەوبەر قبووڵمان بکردایە، بەڵام ئەوان گرەوێکی هەڵەیان کرد و زیاد لە پێویست یارییان بە کارتەکانیان کرد."

کاتێک لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران پرسیاری لێکرا، ترەمپ بە راشکاوی گوتی: "من بەردەوام بیر لە لێدانی سەربازی دەکەمەوە."ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرەڕای گرژییەکان، شەوی هەینی سوپای ئەمریکا ئاسانکاریی بۆ دەربازبوونی بڕێکی پێوانەیی نەوت بە قەبارەی 22 ملیۆن بەرمیل لە گەرووی هورمزەوە کردووە.

هەروەها هەر ئەمڕۆ، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە کەناڵی "ئێن بی سی"راگەیاند، وڵاتەکەی سەرەڕای قسەکانی ترەمپ، هێشتا چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی نووسراوە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە و دووپاتی کردەوە، تاران دەرگای دیپلۆماسی دانەخستووە و ئامادەی رێککەوتنە ئەگەر مەرجەکانی بێنەدی.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news