گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، کەرتی گەشتیاری بە سەردەمی زێڕینی خۆیدا تێپەڕیوە و زیاتر لە 105 پڕۆژەی ستراتیژیی گەشتیاری بە سەرمایەی زیاتر لە 7 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراون، هەروەها ئامادەکاری بۆ چالاکییە سەرکێشییەکانی زستان دەکەین.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، ئبراهیم عەبدولمەجید گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕیـی راگەیاند، پڕۆژە گەشتیارییەکانی کابینەی نۆیەم لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە رووی ژێرخان و ئۆپەراسیۆنەوە کەرتی گەشتیارییان بردووەتە قۆناخێکی جیهانییەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، پەرەپێدانی سێکتەرەکانی دیکەش، بەتایبەت پڕۆژەکانی رێگوبان لە دەرەوەی شارەکان و ڕێگا سەرەکییەکان، کاریگەریی راستەوخۆیان هەبووە لەسەر ئاسانکاریی هاتوچۆی گەشتیاران و بوژاندنەوەی زیاتری ناوچە گەشتیارییەکان.
سەبارەت بە ئاماری گەشتیاران، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە دا کە رێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان زۆر دڵخۆشکەرە، و ئەو فیدباک و زانیارییانەی لە بنکە گەشتیارییەکانەوە بەدەستدەگەن، ئەم راستییە پشتڕاست دەکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئبراهیم عەبدولمەجید تیشکی خستە سەر پلانی ستراتیژیی دەستەکە بۆ فرەچەشنکردنی گەشتوگوزار و گواستنەوەی لە "گەشتوگوزاری تاک-وەرزی بۆ گەشتوگوزاری بەردەوام"لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا. لەم چوارچێوەیەدا روونی کردەوە کە بۆ وەرزی پایز، چەندین فێستیڤاڵی گەشتیاری، کولتووری و هونەری لە ناوچە جیاوازەکان رێکخراون تێیاندا بەرهەمی جووتیاران و کاردەست نمایش دەکرێن بە مەبەستی براندکردنیان. هاوکات بۆ وەرزی زستانیش، جگە لە سوودمەندبوون لە سپی پۆشبوونی ناوچەکان بە بەفر، ساڵانە چالاکیی جۆراوجۆر و گەشتیاریی سەرکێشی ئەنجام دەدرێن بۆ راکێشانی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق.
لەبارەی رۆژی جیهانیی گەشتوگوزارەوە، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار رایگەیاند، جگە لە بڵاوکردنەوەی پەیامی فەرمی سەرۆکی دەستەی گەشتیاری، تێیدا جەخت لەسەر رۆڵی کەرتی گەشتیاری لە رەخساندنی هەلی کار و گەشەپێدانی دارایی کراوەتەوە، چەندین چالاکیی جۆراوجۆر لە سنوری ئیدارەی راپەڕین، هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم بۆنەیە دەستیان پێکردووە و بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبن.




