Skip to content
krd24.netkrd24.net

لە ڤیەننا پێشانگەیەکی هاوبەشی هونەرمەندانی کورد و نەمساوی کرایەوە

لە ڤیەننا پێشانگەیەکی هاوبەشی هونەرمەندانی کورد و نەمساوی کرایەوە
هونەری
کوردستان هونەری

لە چوارچێوەی چالاکییە هونەری و فەرهەنگییەکانی ئەورووپا، پێشانگەیەکی فرەرەهەندی شێوەکاری و فۆتۆگرافی بۆ ژمارەیەک هونەرمەندی کورد و نەمساوی لەژێر ناونیشانی "گەڕی ستۆدیۆ و گەلەرییەکان لە ناوچەی سێیەم"لە هۆڵی "سالۆن مۆدێنا ئارت"لە ڤیەننا کرایەوە.

شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، فایەق رەسوول، شێوەکار و رێکخەری پێشانگەکە بەـی راگەیاند: "یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی پێشانگەکە کە سەرنجی سەردانیکەرانی راکێشابوو، رەهەندی توندوتیژی بوو لە بەرهەمی هونەرمەندانی کورددا. ئێمە وەک هونەرمەندانی بەشداربوو بە بەکارهێنانی تەکنیکی جیاوازی شێوەکاری، رەنگی تۆخ و هێمای قووڵ، هەوڵمان داوە ئازارەکانی مرۆڤ و شوێنەوارەکانی توندوتیژی لەسەر دەروون و کۆمەڵگە بە شێوازێکی هاوچەرخ بخەینەڕوو. ئەم هەوڵە هونەرییە پەیامی ئاشتی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە شێوازێکی راستەوخۆ بە بینەری ئەورووپی دەگەیەنێت".

رەسوول سەبارەت بە گرنگیی بەشداریکردنی هونەرمەندانی کورد لەم پێشانگەیەدا گوتی: "پێشانگەکە بە رێکخستنی من بەڕێوەچوو و کۆمەڵێک کاری نوێی شێوەکاری و فۆتۆگرافی نمایشکران. سێ هونەرمەندی کورد لەم پێشانگەیەدا بەشدار بووین؛ من بە بەرهەمە شێوەکارییەکانم گوزارشتەم لە قووڵایی فکر و ئەزموونی هونەریی خۆم لە تاراوگە کرد".

رەسوول سەبارەت بە بەشداربووانی دیکە روونیکردەوە: "دیە رەحیم وەک بەهرەیەکی نوێی شێوەکاری بە تابلۆ هاوچەرخەکانی بەشدارییەکی بەرچاوی هەبوو. تەنیا رەشیدیش وەک فۆتۆگرافەرێکی بەئەزموون رۆڵێکی سەرەکیی لە تۆمارکردن و بەڵگەنامەکردنی وێنەی هونەرمەندەکان و بەرهەمەکانیان بینیوە".

ئەو شێوەکارە جەختیدەکاتەوە: "بەڕێوەچوونی ئەم پێشانگە هاوبەشانە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پشتگیریکردنی هونەرمەندانی کورد. ئەم چالاکییانە زەمینە دەخوڵقێنن تا هونەرمەندان بتوانن ئەزموون و کارەکانیان لەگەڵ هونەرمەندانی نەمسا و ئەورووپا ئاڵوگۆڕ بکەن و بە شێوازێکی دروست و هاوچەرخ، ناسنامەی هونەریی کوردی بگەیەننە ناوەندە جیهانییەکان".

پێشانگەکە بە بەشداریی ئومەیمە سوڵتان، گێردا هۆرتناگل، تۆماس نێمێک، هێرویگ زێنس، فایەق رەسوول، دیە رەحیم و تەنیا رەشید، هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026 لە هۆڵی "سالۆن مۆدێنا ئارت"لە ڤیەننا کرایەوە و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.

گەرمیان گلی ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news