بەبۆنەی یادی رێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، پێشانگەی "رەنگ و خاکی نیشتیمان"لەلایەن هونەرمەند و پێشمەرگە سەروان عیسا، لە بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی گشتیی هەولێر کرایەوە.
یەکشەممە، 27ی ئەیلوولی 2026، سەروان عیسا، هونەرمەند و پێشمەرگە بەی راگەیاند، "دوای حەوت ساڵ، پێشانگەیەکی تایبەت بە کارە هونەرییەکانم لە شاری هەولێر کردەوە، کە بەبۆنەی یادی رێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە رێکخراوە و تێیدا زیاتر لە 180 بەرهەمی هونەری لە چەندین شێواز و بابەتی جیاوازم نمایش کردووە."
سەروان عیسا سەبارەت بە کردنەوەی پێشانگەکە گوتی، "لەم پێشانگەیەدا کۆمەڵێک بەرهەمی هونەریم لە ماوەی ساڵانێکدا دروستکراون کە لە نێوانیاندا وێنەی شوێنە مێژووییەکان، دیمەنە سروشتییەکان، مینیاتۆر، ماکێت و تابلۆی سێ رەهەندی بەرجەستە دەبن."

ئەو هونەرمەندە جەختی لەوەش کردەوە، "ئەم بەرهەمانە تەنیا نمایشێکی هونەری نین، بەڵکو ئەنجامی ساڵانێک ئەزموون، وردبینی و هەوڵە بەردەوامەکانی منن بۆ تۆمارکردنی ژینگە، مێژوو و جوانییەکانی کوردستان بە زمانێکی هونەریی جیاواز."
سەروان عیسا باس لە کارە هونەرییەکانی خۆی دەکات و دەڵێت، "لە بەشێک لە کارەکانم دا، دیمەنە سروشتییەکان و جوانییەکانی کوردستان بە شێوەیەکی ورد و نزیک لە راستی لە نیشان دراون، لە بەشێکی دیکەی بەرهەمەکانمدا، شوێنە مێژووییەکان و نیشانە کولتوورییەکان سەرنجی بینەر رادەکێشن. هەروەها بەکارهێنانی مینیاتۆر و ماکێت، رێگەیەکی جیاواز بۆ پیشاندانی وردەکاریی و دروستکردنی جیهانێکی بچووک لە ناو بەرهەمە هونەرییەکانم دا پێشکەش کردووە."
سەروان عیسا باسی لەوەش کرد، "تابلۆ سێ رەهەندییەکانیش بە بەکارهێنانی رەهەند و وردەکارییە جیاوازەکان، بینەر دەخەنە بەردەم ئەزموونێکی نزیکتر لە شوێن و دیمەنەکان، و دەرفەتێک بۆ بینینی هونەر لە دەرەوەی چوارچێوەی تابلۆی ئاسایی دروست دەکەن."
بەبۆنەی یادی رێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، پێشانگەی "رەنگ و خاکی نیشتیمان"، ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ی ئەیلوولی 2026، لە بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی گشتی هەولێر کرایەوە و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
سەروان عیسا، هونەرمەند و پێشمەرگە، لەساڵی 1987 لە پیرمام لەدایکبووە. ئهو به بهکارهێنانى کەرەستە سروشتی و سەرەتاییەکان وەکو بەرد، دار و خۆڵ، ماکێتى شوێنەوارە مێژوویى و دیمەنە سروشتییەکانى کوردستان دروست دەکات، لەوانە قەڵاى خانزاد، منارەى چۆلى، مەدرەسەى قوبەهان، ئاشى ئاوى کفرى و قەڵاى شێروانه. هەروەها لە چەندین پێشانگە و فێستیڤاڵى هونەرى و گەشتوگوزارى بەشدارى کردووه.




