Skip to content
krd24.netkrd24.net

لە سلێمانی شانۆگەریی 'ئاوازی ئاشتی' نمایش دەکرێت

لە سلێمانی شانۆگەریی 'ئاوازی ئاشتی' نمایش دەکرێت
هونەری
کوردستان شانۆگەریی

لە چوارچێوەی چالاکییە هونەری و پەروەردەیییەکاندا، شانۆگەریی موزیکاڵی "ئاوازی ئاشتی"، لە دەرهێنانی مۆفەق لهۆنییە، لە هۆڵی چالاکی قوتابخانەکان لە سلێمانی نمایش دەکرێت.

یەکشەممە، 27ی ئەیلوولی 2026، مۆفەق لهۆنی، دەرهێنەری نمایشەکە بەی راگەیاند، "ئەو شانۆگەرییە خۆم کاری نووسین و دەرهێنانم بۆ کردووە و هەر یەکە لە، نژۆ ئه‌كره‌م، ​هێوه‌ند چێنه‌ر، ​ئه‌وین شه‌ماڵ، ​دادوه‌ر ئەیاد، ​تەنگە جەوهەر، ​ڤانیا کاوان، ​گەڵا ئاوات، ​گولناز خەلیل، ​روئیا زانا، شەنگ هوشیار، ​رۆزا زانا، رۆڵی سەرەکی لەم کارە شانۆییەدا دەگێڕن."

مۆفەق لهۆنی سەبارەت بە چیرۆکی نمایشەکە گوتی، "​چیرۆکی شانۆگەرییەکە باس لە گرووپێکی موزیکی دەکات کە لە هەوڵی رێکخستنی کۆنسێرتێکدان. لە کاتی ئامادەکارییەکاندا، ململانێ و کێشمەکێش لە نێوان ژەنیارەکاندا سەرهەڵدەدات؛ بەجۆرێک هەر یەکێکیان هەوڵ دەدات ئامێرە موزیکییەکەی خۆی بە باڵاتر و گرنگتر لە ئامێری هاوڕێکانی دەربخات، ئەمەش ئاستەنگ لە نێوانیاندا دروست دەکات."

لهۆنی جەختی لەوەش کردەوە، "​لە بەشێکی دیکەیەکاندا و بەر لە ئەنجامدانی کۆنسێرتەکە، لە رێگەی لێکتێگەیشتن، دانبەخۆداگرتن و درککردن بە بەهای ئاشتی و پێکەوەبوون، ژەنیارەکان دەگەنە ئەو بڕوایەی کە تەبا بوون و کاری بەکۆمەڵ باشترین رێگەیە بۆ سەرکەوتن. سەرەنجام، بە هاوبەشی و بە هەماهەنگییەکی بەرزەوە کۆنسێرتەکەیان بە سەرکەوتوویی پێشکەش دەکەن."

سەبارەت بە کێشە و ئاستەنگەکانی نێو چیرۆکی نمایشەکە، مۆفەق لهۆنی دەڵێت، "لەم نمایشەدا تیشک دەخرێتە سەر کۆمەڵێک کێشە و ئاستەنگی کۆمەڵایەتی قووڵ؛ لەوانەش کێشەی نەبوونی هۆڵ و پێداویستییە سەرەتاییەکان، دواکەوتوویی بیرکردنەوەی هەندێک لە ئەکتەران و تەنانەت رێگریی خێزانەکان لە بەشداریکردنی منداڵەکانیان لە کاری هونەریدا. بۆ گەیاندنی ئەم پەیامە کۆمەڵایەتییانە، تەکنیکێکی تایبەتی شانۆیی کە بریتییە لە "نواندن و دابڕان و نوواندن"بەکارهێنراوە."

لهۆنی باسی لەوەش کرد، "ئەگەرچی پەیڕەوکردنی ئەم شێوازە فکری و هونەرییە بۆ تەمەنی منداڵ و مێرمنداڵ تا رادەیەک ئاڵۆز و قورسە، بەڵام تاقیکردنەوەی لەگەڵ ئەم گروپەدا ئەنجامێکی سەرکەوتووی هەبووە و توانیویەتی لە رێگەی یارییەکی شانۆییەوە هۆشیاریی دەربارەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بورووژێنێت."

شانۆگەریی موزیکاڵی "ئاوازی ئاشتی"، لە دەرهێنانی مۆفەق لهۆنییە و کۆمەڵێک ئەکتەر رۆڵی تێدا دەگێڕن، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ی ئەیلوولی 2026، لە هۆڵی چالاکی قوتابخانەکان لە سلێمانی نمایش دەکرێت.

 
گەرمیان گلی ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news