Skip to content
krd24.netkrd24.net

عێراقچی: کردنەوەی گەرووی هورمز بەندە بە جێبەجێکردنی تەواوی مەرجەکانمانەوە

عێراقچی: کردنەوەی گەرووی هورمز بەندە بە جێبەجێکردنی تەواوی مەرجەکانمانەوە
سیاسی
ئێران گەرووی هورمز ئەمریکا ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: تاران ئاگاداری کاردانەوەی سەرەتایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بووە بەرانبەر بە پێشنیازی وڵاتەکەی بۆ راگرتنی جەنگ و کردنەوەی گەرووی هورمز، بەڵام جەختی کردەوە کە تا ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمییان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێنەگەیشتووە و لەسەر بنەمای هەڵوێستی کۆتایی واشنتن بڕیاری خۆیان دەدەن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تەلەفیزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی گوت: "ئێمە گوێبیستی کاردانەوەی سەرەتایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بووین سەبارەت بە پێشنیازەکەمان؛ بەڵام تا ئەم ساتە هیچ وەڵام یان پەیامێکی فەرمیمان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بە دەست نەگەیشتووە؛ چاوەڕوانین نێوەندگیرەکان دیدگا و هەڵوێستی کۆتایی واشنتنمان پێ ڕابگەیەنن و لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیاری پێویست دەدەین".

سەبارەت بە دۆسیەی ئاسایشی کەشتیوانی و رێڕەوی هاتوچۆی کەشتیوانی  لە گەرووی هورمز، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێداگری لەسەر داواکارییەکانی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند: مەرجەکانی ئێمە تەواو روون و ئاشکران، هەر جووڵە و هەنگاوێک بە ئاراستەی کردنەوەی گەرووەکە، بەندە بە جێبەجێکردن و بەدیهێنانی سەرجەم ئەو مەرجانە.

عێراقچی جەختی لە گرنگیی بژاردەی دیپلۆماسی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، "هیچ رێگەچارەیەک بۆ کێشەکان لەگەڵ واشنتن نییە جگە لە چارەسەرێکی دانوستانکاریی دادپەروەرانە کە زامنی پاراستنی مافەکانی گەلەکەمان بکات و وەڵامدەرەوەی داواکارییە شەرعییەکانمان بێت؛ تەنیا ئەم جۆرە چارەسەرە دانوستانکارییە دەتوانێت لایەنی بەرامبەر لەم بنبەستە دەرباز بکات و، ئەمەش هەڵوێستی نەگۆڕی ئێمەیە."

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news