Skip to content
krd24.netkrd24.net

سوپای پاسداران: مەرجەکانمان جێبەجێ نەکرێت لە سزادانی ئەمریکا ناوەستین

سوپای پاسداران: مەرجەکانمان جێبەجێ نەکرێت لە سزادانی ئەمریکا ناوەستین
سیاسی
جیهان گەرووی هورمز جەنگی ئێران و ئەمریکا

گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند،  وڵاتەکەی دەست لە سزادانی ئەمریکا هەڵناگرێت تا ئەو کاتەی حەوت مەرجەکەی تاران بەتەواوی جێبەجێ دەکرێن، هاوکات جەختیشی کردەوە مووشەکەکانی ئێران توانای تێکشکاندنی سیستەمە بەرگرییە فرەچینەکانی ئەمریکایان هەیە.

شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026،  حوسێن موحیبی گوتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند،  واشنتن پاش کۆکردنەوەی هێزەکانی لە کەنداوی فارس چاوەڕوانی ئەوە بوو ئێران خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵام رووبەرووی خۆڕاگرییەکی جیاواز بووەوە لەلایەن تارانەوە،  ئاماژەی بەوەش کرد گەلی ئێران بە قوربانیدانی شەهیدان ئازایەتی و ئاسایشی نیشتمانیی مسۆگەر کردووە.

 حوسێن موحیبی دووپاتی کردەوە، ئێران لە جەنگەکەدا براوەیە و لە ئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکات ئەم سەرکەوتنە بکاتە هێزێکی بەرپەرچدانەوەی ستراتیژی و هەمیشەیی. هەروەها گوتیشی،  ئەمریکا دروشمی گەرەنتیکردنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی بەرزکردبووەوە، بەڵام لەم بوارەدا لە ماوەی جەنگی دواییدا شکستی هێنا و سەرباری ئەوەی خاوەنی گەورەترین هێزی دەریایی جیهانە، نەیتوانی گەرووی هورمز تەنانەت بۆ چەند کاتژمێرێکیش بە کراوەیی بهێڵێتەوە.

ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران راشیگەیاند: "واشنتن بۆ ئەوەی رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بکات بانگەشەی ئەوە دەکات کە گەرووی هورمز کراوەیە، بەڵام لە راستیدا کۆنترۆڵکردنی تەواوی گەرووەکە لە دەستی هێزی دەریایی سوپای پاسداراندایە. جەختیشی کردەوە  پێش جەنگ رۆژانە بە دەیان و تەنانەت زیاتر لە 100 کەشتی بە گەرووەکەدا تێدەپەڕین، بەڵام ئێستا تەنیا بە مۆڵەتی تاران رێگە بە تانکەرەکانی نەوتی هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران دەدرێت هاتوچۆ بکەن."

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، گوتەبێژی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کرد،  ئەمریکا پڕوپاگەندەی بۆ باڵادەستیی تەکنەلۆژیای سەربازیی خۆی دەکرد، بەڵام پێشکەوتووترین کەرەستە سەربازییە ئاسمانی، دەریایی و وشکانییەکانیان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە لە جەنگی ئەم دواییەدا کرانە ئامانج.

ئەم قسانەی حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێش سواربوونی لە هێلیکۆپتەری سەرۆکایەتی (مارین وەن) لە حەوشەی باشووری کۆشکی سپی،  سەبارەت بە ئەگەری لێدانی سەربازی لە ئێران و چارەنووسی گەرووی هورمز، رایگەیاند، تاران داوای رێککەوتنی کردووە بەڵام ئەو رەتی کردووەتەوە و گوتی: "ئەوان دەیانەوێت دەستبەجێ رێککەوتن بکەین بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، دەزانن بۆچی؟ چونکە ئابوورییەکی زۆر توندیان لەسەرە، تەواوی داهاتی ئەوان لە گەرووی هورمزەوە بوو. ئەوان پێیان وابوو زۆر زیرەکن و بە داخستنی گەرووەکە کێشە بۆ جیهان دروست دەکەن، بەڵام کاتێک من هاتم، گەورەترین گەمارۆم لە مێژووی سەربازیدا دروست کرد کە وەک دیوارێکی پۆڵایین وایە. پێم وتن ئێوە داتانخست، ئێمەش بەسەر ئێوەدا دایدەخەین، بەڵام هەموو لایەنەکانی دیکە دەتوانن هاتوچۆی پێدا بکەن.

ترەمپ بە توندی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە سەرکەوتنی ئێران دەکەن و رایگەیاند: "ئێمە بە شێوەیەکی بێوێنە لە پێشەوەین و تەواوی کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمزمان لە دەستدایە. بڕێکی زەبەلاحی نەوت لە گەرووەکەوە دەڕواتە دەرەوە و تەنیا شەوی رابردوو 29 کەشتی بە گەرووەکەدا تێپەڕین. ئەوان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، منیش حەزم لە رێککەوتنە، بەڵام ئەو پێشنیازەی ئەوان خستیانەڕوو بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کرد و گوتی: "پەیوەندیمان زۆر باشە و کارەکان بەرەو پێش دەچن. لە گفتوگۆکانماندا کاتێکی زۆرمان لەسەر پرسی تایوان بەسەر نەبرد، چونکە سەرۆک شی زۆر بە باشی لە هەڵوێست و بۆچوونی من تێدەگات."

ترەمپ سەر پرسی دانوستان و کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا و رایگەیاند: "دەزانن من دەمەوێت ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا چی بکات؟ دەمەوێت رێککەوتنێک بکات. دەمەوێت ئەو لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بگاتە چارەسەر و کێشەکان یەکلایی بکاتەوە، هەروەها دەمەوێت پووتینیش لەگەڵ ئەودا بگاتە چارەسەر."

لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی لە بەردەم کۆشکی سپی، رۆژنامەنووسێک پرسیاری لە دۆناڵد ترەمپ کرد سەبارەت بە هەڵوێستی ئیدارەکەی بەرامبەر بە هەوڵەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا لە سایەی گرژییە بەردەوامەکانی ناوچەکەدا.

ترەمپ لە وەڵامدا کورتەی هەڵوێستی خۆی خستەڕوو و ستایشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و گوتی:"ئەو پیاوێکی باشە و ئێمە لە نزیکەوە پێکەوە کار دەکەین؛ پەیوەندییەکی زۆر باش و بەهێزمان لەگەڵیدا هەیە و لەسەر زۆر بابەت لە گفتوگۆ و هەماهەنگیداین."

 
کاروان شوانی ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news