Skip to content
krd24.netkrd24.net

کۆمپانیای ماهان ئێر: زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی هەرێم و عێراق لە تاران گیریان خواردووە

کۆمپانیای ماهان ئێر: زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی هەرێم و عێراق لە تاران گیریان خواردووە
سیاسی
ئێران

بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی ماهان ئێری ئێرانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی هەرێم و عێراق لە تاران گیریان خواردووە و بەهۆی راگرتنی گەشتەکانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە؛ هاوکات هۆشداری دەدات زۆربەیان نەخۆشن و دۆخی تەندروستییان رێگە نادات بە رێگەی وشکانی بگەڕێنەوە.

شەممە 26ی ئەیلوولی 2026، سەرسەنگ مەموندی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی ماهان ئێری ئێرانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رایگەیاند، پەیوەندییەکی زۆریان پێوە دەکرێت لەلایەن ئەو هاووڵاتییانەی لە ئێران گیریان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە عێراق.

مەموندی روونی کردەوە، لە کۆی ئەو کەسانەی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، زیاتر لە 300 کەسیان هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانن و ئەوانی دیکەش خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن.

بەڕێوەبەری هێڵی فڕۆکەوانیی ماهان سەرنجی خستە سەر دۆخی نالەباری ئەو کەسانە و هۆشداریی دا: "بەشێکی زۆری ئەو هاووڵاتییانە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی سەردانی تارانیان کردووە؛ نەشتەرگەرییان بۆ کراوە یان نەخۆشیی سەختیان هەیە و لە رووی تەندروستییەوە توانای ئەوەیان نییە بە ئۆتۆمبێل یان پاس و بە رێگەی وشکانی گەشتی دوورودرێژ بکەنەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان."

ئەم دۆخە پاش ئەوە دێت کە بەهۆی سنووردارکردن و پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان عێراق و ئێران، سەدان گەشتیار و نەخۆش لە فڕۆکەخانەکانی ئێراندا لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە و داوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەپەلە دەکەن بۆ گەڕاندنەوەیان.

دوێنێ هەینی، سەرسەنگ مەموندی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رایگەیاندبوو: "بڕیار بوو ئەمڕۆ گەشتێکمان لە تارانەوە بۆ هەولێر و بە پێچەوانەشەوە لە هەولێرەوە بۆ تاران هەبێت، بەڵام شەو پێیان راگەیاندین کە رێگەپێدراو نییە."گوتیشی: "هەر بۆ ئەمڕۆ، گەشتی ئاسمانیی کۆمپانیاکەمان بۆ شاری سلێمانیش هەڵوەشایەوە."

دەربارەی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانیش، بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانیی ماهانی ئێرانی ئاشکرای کرد: "فڕۆکەخانەکان خۆیان کێشەیان لەگەڵ گەشتەکانماندا نییە، بەڵام کۆمپانیای دناتا (Dnata) و ژمارەیەک کۆمپانیای دیکە کارەکانیان لە فڕۆکەخانەکاندا ئەنجام نادەن."

کۆمپانیای ماهان هەفتانە 3 گەشتی چوونی و هاتنی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە؛ رۆژانی سێشەممە و هەینی بۆ هەولێر و بە پێچەوانەشەوە بۆ تاران، هاوکات رۆژانی هەینیش گەشتی بۆ سلێمانی و بە پێچەوانەشەوە بۆ تاران هەیە.

 
هۆشمەند سادق ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news