سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، ئەگەر واشنتن پێشنیازەکەی تاران پەسەند بکات، ئامادەن لە ماوەی حەوت رۆژدا گەرووی هورمز بکەنەوە و رێگە بە گەڕانەوەی پشکنەرانی ئەتۆمیی نێودەوڵەتیش بدەن. ناوبراو هاوکات ئاماژەی بە "کەشی بێمتمانەیی"لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد و بۆ یەکەمجاریش وردەکاریی لەبارەی دۆخی تەندروستیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران ئاشکرا کرد.
شەممە 26ی ئەیلوولی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی (Face the Nation)ی کەناڵی "سی بی ئێس"، جەختی لەوە کردەوە ئێران پابەندی ئەو بەڵێنانە دەبێت کە دەیدات، بە مەرجێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشنیازە نوێیەکەی تاران بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی گەرووی هورمز قبووڵ بکات. پێشنیازەکە بریتییە لە کردنەوەی گەرووەکە دوای حەوت رۆژ و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن وەک هەنگاوی یەکەم بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی ئەتۆمی.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئێران رێگە بە پشکنەرانی چەکی ئەتۆمیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (IAEA) دەدات بێنە نێو وڵاتەکەیەوە، پزیشکیان دووپاتی کردەوە: "ئەوە تەواو راستە؛ ئەگەر ئەوان خوازیار بن بێن و پشکنین بکەن، دەتوانین لە نێو دانوستانەکاندا لەسەر ئەو بابەتە بگەینە رێککەوتن."ئاماژەی بەوەش کرد دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی لە رووی شەرعییەوە "حەرامە"و هیچ کەسێک لە ئێران بۆی نییە بەرەو ئەو ئاراستەیە هەنگاو بنێت.
سەبارەت بەوەی بۆچی لە نیویۆرک رەتیکردەوە ڕاستەوخۆ چاوی بە دۆناڵد ترەمپ بکەوێت، پزیشکیان پەنجەی تۆمەتی بۆ هەڵوێستەکانی واشنتن درێژ کرد و گوتی: "کەشێکی قووڵی بێمتمانەیی لە نێوانماندا دروست بووە؛ تا ئەو کاتەی دەست لەو فشارانە هەڵنەگرن کە رۆژانە بەسەرماندا دەیسەپێنن، زەحمەتە متمانەیان پێ بکرێت. ئەوان ڕۆژانە سزاکانمان لەسەر زیاد دەکەن، هەڕەشەمان لێ دەکەن، لێمان دەدەن و پابەندی ئەو ڕێککەوتنانەش نابن کە بە نووسراو واژۆیان کردووە، کەواتە ئەگەر بچینە دانوستانیشەوە ئایا پابەند دەبن"
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە ترەمپ لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا رایگەیاندبوو کە لە بەردەم بڕیارێکی گەورەدایە؛ یان لەگەڵ ئێران رێکبکەوێت یان وڵاتەکە تەفروتوونا بکات.
لە تەوەرێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، سەرۆککۆماری ئێران زانیاریی لەبارەی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران درکاند، کە لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی باوکییەوە بە دەگمەن لە میدیاکاندا دەردەکەوێت. پزیشکیان گوتی: "وەک پزیشکێک ئەمەم لێ وەربگرن؛ ئەو لە رووی پزیشکییەوە بە تەواوی سەلامەتە و هیچ کێشەیەکی تەندروستیی نییە، برینەکانی دەموچاو و قاچیشی چاک بوونەتەوە."
پزیشکیان ئاشکرای کرد، لەم دواییە دوو جار چاوی پێی کەوتووە و لە یەکێک لە دیدارەکاندا زیاتر لە حەوت کاتژمێر پێکەوە دانیشتوون. هەروەها روونی کردەوە، بڕیارە ستراتیژی و دیپلۆماسییەکان لەلایەن تیمێکی شەش کەسییەوە تاوتوێ دەکرێن کە نوێنەرانی سوپا، دەزگا ئەمنییەکان، پەرلەمان و حکوومەت لەخۆدەگرێت.
سەرۆککۆماری ئێران ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن بەرپرسانی ئێران لە ترسی هێرشەکان لە نێو پەناگە و ژێرزەمینەکاندا حەشار درابن، و گوتی: "ئێمە لە پەناگەکاندا نەبووین؛ ئەگەر لە پەناگە بووینایە چۆن دەمانتوانی وڵات بەڕێوەببەین؟"




