Skip to content
krd24.netkrd24.net

بەغدا داوای 500 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێم دەکات

بەغدا داوای 500 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێم دەکات
سیاسی
کوردستان

هەولێر و بەغدا لەسەر یەک وشە ناکۆکن ئەویش وشەی ئینفاق فیعلییە، وا بە بچوکی سەیری ئەو وشەیە مەکەن،  بەو وشەیە دەتواندرێت گەورەترین کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکرێت، هەروەها عێراق داوای 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی کردووە.

ئەمرۆ داواکارییەکانی شاندی هەرێم دراوەتە فالح ساری و ئەمرۆش وەزیری دارایی لەبارەی پشکی کوردستان و پڕۆژە یاسای بودجەی 2027 بە گشتی لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبیتەوە. 

سەرچاویەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ ئاشکرا دەکات. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی، لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە، شاندی هەرێم داوای گۆڕینی دەقە یاساییەکانی نێو پڕۆژە یاسای بودجەی کردووە، چونکە وەزارەتی دارایی عێراق هەمان دەقە یاساییەکانی بودجەی 2023ـی هێناوەتەوە، شاندی هەرێم زۆر بە روونی و راشکاوی گووتیانە دەبێت وشەی "ئینفاقی فیعلی"لە نێو دەقە یاساییەکان لاببرێت، چونکە ئەم دەقە وەک بۆمبێکە و هەر کات بەغدا بیەوێت بە هەرێمی دەتەقێنێتەوە. رەنگە بپرسن چۆن؟، بۆ نموونە ئەگەر بۆ ساڵی 2027 بودجەی عێراق 200 ترلیۆن دینار بێت بەڵام عێراق 140 ترلیۆن دینار خەرج بکات، لەو بڕەش 40 ترلیۆن بۆ خەرجی سیادی دەچێت و 10 ترلیۆنیش بۆ خەرجی حاکیمە دەچێت، ئەوەی دەمێنێتەوە 90 ترلیۆنە و لەو 90 ترلیۆنە پشکی 12.67٪ـی هەرێم خەرج دەکرێت، واتە عێراق لە بودجەی سیادی و حاکیمە پشکی هەریم نانێرێت لەو بڕەی بۆ خەرجی تەشغیلی دەمێنێتەوە پشکی هەریم دەنێرێت، واتا بەغدا خۆی چەند خەرج بکات دوای ئەوە بەگوێرەی خەرجییەکەی، بەغدا پشکی هەرێم دەنێردرێت. 

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی گووتی، ئەو بابەتە گرێکوێرەی گفتوگۆکانە و دەبێت رێککەوتنی سیاسی بۆ بکرێت و فشاری پەرلەمانیش دروستبکرێت تاوەکو ئەم دەقە بگۆڕدرێت، هەروەها لە کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممە، شاندی هەرێم داوایکردووە لە دەقە یاساییەکان داهاتی فیدڕآڵی و داهاتی ناوخۆیی جیابکرێنەوە و دیاری بکرێن، هەروەها داواشکراوە دەبێت بە روونی ئاماژە بەوەبکرێت کە هەریم لە کام داهات 50٪ـی بۆ بەغدا دەنێرێت و لە کام داهاتیش 100٪ بۆ خۆی دەبێت، چوونکە بەگوێرەی ئەو دەقە یاساییەی کە هەیە، بەغدا داوای داهاتی حانوتی مەکتەبەکانیش دەکات. 

لەلایەکی دیکەوە بۆ بودجەی ساڵی 2027 حکومەتی فیدڕاڵی داوای رادەستکردنی بری 500 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکات و هەریمی کوردستانیش دەڵێت ناتوانم ئەو بڕە رادەست بکەم چونکە بەرهەمم کەمە، لەبەرامبەر ئەو داوایەی بەغدا هەرێم گووتەیەتی دەتوانین رۆژانە تەنیا 265 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکەین. 

شاندی هەرێم لەگەڵ راوێژکاری فالح ساری و چەند بەرپرسیکی دیکەی وەزارەتی دارایی عێراق کۆببوونەوە، لەو کۆبوونەوەیە جاریکی دیکە شاندی هەریم داوای سەرجەم مافەکانی هەرێمی کوردستانی کردەوە بە پلە بەرزکردنەوە و پلەی وەزیفی و دامەزراندن و بەشە دەرمان و پارەی گەنم و سەرجەم ئەو مافانەی خەڵکی هەریمی کوردستان. 

ئەو شاندەی وەزارەتی دارایی عێراق کە لەگەڵ شاندی دارایی هەرێم کۆببوونەوە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە و داواکارییەکانی هەریمیان گەیاندووەتە فالح ساری  وەزیری دارایی عێراق و بڕیاریشە ئەمڕۆ فالح ساری لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببێتەوە، هەم لەبارەی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان هەمیش لەبارەی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2027ـی عێراق. 

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news