Skip to content
krd24.netkrd24.net

عێراق بەدواداچوون بۆ چارەنووسی 18 کۆچبەر لە لیبیا دەکات

عێراق بەدواداچوون بۆ چارەنووسی 18 کۆچبەر لە لیبیا دەکات
سیاسی
عێراق دەریای ناوەڕاست کۆچبەرانی نایاسایی لیبیا

ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند، بەدواداچوونی ورد بۆ چارەنووسی 18 کۆچبەری عێراقی دەکەن، کە گومانی ئەوە دەکرێت لە دەریای ناوەراست خنکابن.

ئەمڕۆ شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، ئەحمەد سەحاف لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "بە بایەخەوە چاودێریی چارەنووسی 18 کۆچبەری عێراقی دەکەین، کە پێشتر بە شێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە لیبیا".

ئاماژەی بەوەش دا، هەوڵەکانی باڵیۆزخانە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان، لایەنە تەندروستییەکان و مانگی سووری لیبی بەردەوامە بۆ زانینی چارەنووسی کۆچبەران و دڵنیابوونەوە لەو زانیارییانەی باس لە خنکانیان لە دەریای ناوەڕاست دەکەن، کاتێک هەوڵیان داوە لە رێگەی لیبیاوە بەرەو ئەوروپا کۆچ بکەن.

ئەحمەد سەحاف روونیکردەوە، تا ئەو کاتەی هیچ هەواڵێکی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانی تایبەتمەندی لیبیاوە سەبارەت بە خنکانی ئەو کەسانە پشتڕاست نەکرێتەوە، باڵیۆزخانەی عێراق بەردەوامە لە وردبینیکردنی زانیارییەکان و پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان دەبەستێت، هەروەها ماوەی مانگێکە هەوڵێکی زۆر بۆ گەیشتن بە راستییەکە دەدات.

هەفتەی رابردوو دەنگۆی خنکانی 18 کۆچبەری عێراقی کە بەشێکیان کوردن لە دەریای ناوەراست بڵاوبووەوە، بەڵام لە بەدواداچوونێکی بۆ ئەم هەواڵە هیج دامەزراوەیەکی فەرمی حکوومی راستیی و دروستیی هەواڵەکەی پشتڕاست نەکردەوە. 

لەوبارەوە سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026، بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا  بە راگەیاند: ئەو هەواڵ و وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە خنکانی کۆچبەرانی کورد لە دەریای ناوەڕاست بڵاوکراونەتەوە، هیچ بەڵگەیەکی فەرمییان لەپشتەوە نییە و تەنیا دەنگۆی سۆشیال میدیان.

سەبارەت بە دەنگۆی خنکانی 18 کۆچبەر لەنێوان کەناراوەکانی لیبیا و ئیتاڵیا کە گوایە 10 کەسیان کوردن و دانیشتووی سنووری ئیدارەی راپەڕینن، بەکر عەلی جەختی کردەوە: ناکرێت لەسەر بنەمای هەواڵی بێ بەڵگە دڵی کەسوکاری کۆچبەران نیگەران بکەین؛ نە لە لایەن حکوومەتی لیبیا و نە لای دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیاشەوە هیچ بەڵگەیەک نییە کە بەلەمەکە نقوم بووبێت، یاخود ئەو کۆچبەرانە گیانیان لەدەستدابێت و ناسرابێتنەوە، بۆیە هەموو ئەوانەی بڵاودەکرێنەوە هەواڵی بێ بەڵگەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان سەرنجی خستە سەر دۆخی کۆچبەرانی کورد لە لیبیا و ئاشکرای کرد، ئێستا زیاتر لە 200 کۆچبەری کورد لەنێو خاکی لیبیادا گیریان خواردووە یان چارەنووسیان نادیارە.

هەروەها وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئەو کۆچبەرانە خستەڕوو و گوتی: لەو ژمارەیە 21 کۆچبەریان بێسەروشوێنن، بەڵام بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوودا 3 کۆچبەر بگەڕێنرێنەوە کوردستان، هاوکات هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئازادکردنی 10 کۆچبەری دیکە و چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەوانیش دەکەین.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news