سبەی یان دوو سبەی، لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت. دواکەوتنی ئامادەکردنی لیستەکەش بەهۆی نەبوونی زانیارییەکانی لیستی مووچەی خانەنشینانەوە بووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەـی راگەیاند، راپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوەی مانگی هەشت ئامادەکراوە و تەنیا لیستی مووچە ماوە تەواو بکرێت، پێشبینی دەکرێت ئەویش سبەی ئامادە بێت.
سەرچاوەکە گوتی، هۆکاری دواکەوتنی لیستی مووچەی مانگی 9 بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لیستی مووچەی خانەنشینان بەهۆی گۆڕانکاریی بەردەوامەوە بە خاوی بەڕێوەچووە. بڕیارە ئەو لیستەش سبەی تەواو ببێت.
ئەگەر لیستی مووچە بەتەواوەتی ئامادە بکرێت، سبەی نوێنەرانی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەرەو بەغدا بەڕێدەکەون. دووشەممە لیستی مووچە و راپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوە دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی عێراق.
پێشبینی دەکرێت لە هەفتەی یەکەمی مانگی 10، بەغدا تەمویلی مووچەی مانگی 9 ئەیلوول بکات. هاوکات لە هەمان هەفتەدا، دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.




