Skip to content
krd24.netkrd24.net

بەریتانیا خۆی بۆ پاڵپشتیی سەربازیی سعوودیە دژی حووسییەکان ئامادە دەکات

بەریتانیا خۆی بۆ پاڵپشتیی سەربازیی سعوودیە دژی حووسییەکان ئامادە دەکات
سیاسی
جیهان سعوودیە بەریتانیا

رۆژنامەی نێزاڤیسیمایا گازێتا ئاشکرای کرد، بەریتانیا رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی بە سعوودیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی حووسییەکاندا لە رێگەی پڕکردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکان بە سووتەمەنی لە ئاسماندا، لە کاتێکدا ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەشداریکردنی سەربازیی راستەوخۆی لەو شەڕەدا رەت کردووەتەوە.

هەینی، 25ـی ئەیلوولی 2026، رۆژنامەی نێزاڤیسیمایا گازێتای رووسی، بڵاوی کردەوە، بەریتانیا رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر پێشکەشکردنی هاوکاری و پاڵپشتیی سەربازی بە سعوودیە لە رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی حووسیدا، ئەمەش دوای دیداری نێوان ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت کە لە 22ـی ئەیلوول لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوەچوو.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، بەریتانیا ئامادەکاری دەکات بۆ دابینکردنی سووتەمەنی لە ئاسمانەوە بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە بە مەبەستی پاراستنی ژێرخانی کەرتی وزە و نەوتی ئەو وڵاتە لە هێرشەکانی حووسییەکان؛ بۆ ئەم مەبەستەش فڕۆکەی تایبەتی جۆری (RAF Voyager)ی سەر بە هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا بەکاردەهێنرێت و بڕیارە ئەرکەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستپێبکات و بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەردەوام بێت.

هەروەها سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا داوای لە واشنتن کردووە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئێران بهێنێت؛ لە هەمان کاتدا رۆژنامەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ترەمپ چەندین جار داواکاریی پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازیی راستەوخۆی بە سعوودیە لە شەڕی دژ بە حووسییەکان رەت کردووەتەوە و دەستوەردانی وڵاتەکەی تەنیا لە پێدانی زانیاریی هەواڵگریدا سنووردار کردووە.

رۆژنامە رووسییەکە هۆکاری ئەم هەڵوێستەی کۆشکی سپی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە ترەمپ پێیوایە کردنەوەی بەرەیەکی نوێی سەربازی لە خاکی یەمەن، هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی دژ بە ئێران، هەنگاوێکی مەترسیی یەکجار گەورەیە و لە بەرژەوەندیی واشنتندا نییە بەر لەوەی ئامانجە سەرەکییەکانی لە دۆسیەی تاراندا بەدەستبهێنێت.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news