Skip to content
krd24.netkrd24.net

شەهباز شەریف: ئاسایش مەککە هێڵی سوورە

شەهباز شەریف: ئاسایش مەککە هێڵی سوورە
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە گوتارێکدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستایشی سەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپی کرد و رایگەیاند کە دەستوەردانی خێرای ناوبراو رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی ئەتۆمیی سەرتاسەری لە نێوان پاکستان و هیندستان کرد و ژیانی سەدان ملیۆن مرۆڤی لە لەناوچوون رزگار کرد.

هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە میانی پێشکەشکردنی گوتاری 81مین خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، سەبارەت بە گرژییەکانی لەگەڵ هیندستان رایگەیاند: "ساڵێک لەمەوبەر هەردوو دراوسێی خاوەن چەکی ئەتۆمی لە لێواری جەنگێکی گشتگیردا بوون، بەڵام دەستوەردانی بەپەلە و سەرکردایەتییە بەبڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بووە هۆی پاراستنی سەدان ملیۆن ژیان لە باشووری ئاسیا."

شەریف لە درێژەی گوتارەکەیدا دۆسیەی کەشمیری بە "شادەماری پاکستان"ناوبرد و رایگەیاند کە ئیسلامئاباد بە هەموو هێزی دیپلۆماسی، سیاسی و ئەخلاقییەوە پشتیوانی لە گەلی کەشمیر دەکات هەتا ئەو کاتەی مافی چارەی خۆنووسینیان پێدەدرێت. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە ماوەی هەشت دەیەی رابردوودا نەیتوانیوە بەڵێنەکانی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمێکی بێلایەنانە لە کەشمیر جێبەجێ بکات، لە کاتێکدا دانیشتووانەکەی رووبەڕووی گرتن، کوشتنی دەرەوەی دادگا و دەستکاریکردنی دیمۆگرافیا دەبنەوە.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی پاکستان بە توندی هێرشەکانی حووسییەکانی بۆ سەر سعوودیە و بەتایبەت هەوڵی بەئامانجگرتنی مەککەی پیرۆزی شەرمەزار کرد و جەختی کردەوە، "ئاسایش و پیرۆزیی حەرەمەین هێڵی سوورە و هەرگیز قابیلی بەزاندن نییە، پاکستان بە تەواوی پشتیوانی لە گەل و حکوومەتی سعوودیە دەکات."

ئاماژەی بە رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی "مەککە"لە نێوان هەریەک لە پاکستان، تورکیا و سعوودیە کرد و دووپاتی کردەوە کە ئەم هاوپەیمانییە دژی هیچ دەوڵەتێک نییە، بەڵکو ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکەیە. هەروەها داوای کرد گەرووی هورمز و بابولمەندەب وەک شاڕەگی ئابووریی جیهان بە کراوەیی بمێننەوە و نەکرێنە گۆڕەپانی شەڕ و پێکدادان.

سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی بە هەوڵی بەردەوامی سەرکردایەتیی سوپای پاکستان توانیویەتی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلامئاباد لە ژێر یەک سەقفدا کۆبکاتەوە؛ گوتی گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد و واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتدا، هەنگاوێکی مێژوویی بوو بۆ هێورکردنەوە و کۆتاییهێنان بە قەیرانێکی مەترسیدار لە ناوچەکەدا.

سەرۆکوەزیرانی پاکستان جەختی لەوە کردەوە کە پاکستان لە سیاسەتی دەرەوەیدا ئاشتیخوازی کردووەتە ئەولەویەت: "پاکستان بژاردەی خۆی یەکلایی کردووەتەوە؛ ئێمە لە جیاتی رووبەڕووبوونەوە دیالۆگمان هەڵبژاردووە، لە جیاتی زۆرەملێ هاوکاریمان هەڵبژاردووە، و لە جیاتی شەڕیش ئاشتیمان کردووەتە بژاردەی سەرەکی."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی پاکستان نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی پەرەسەندنی مەترسیداری دیاردەی "ئیسلامۆفۆبیا"لە جیهاندا دەربڕی کە تێیدا موسڵمانان رووبەڕووی گوتاری رقوکینە، هێرشکردنە سەر مزگەوتەکان و بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز دەبنەوە.

شەریف رەخنەی توندی لە وڵاتی هیندستان گرت و ئاماژەی بەوە کرد: "تەنیا لەو دیو سنوورەکانمانەوە، ئایدیۆلۆژیای رێکخراوی (RSS) لە هیندستان ئاگری رقی ئایینی خۆش دەکات، کە بووەتە هۆی پەلاماردان و کوشتنی خەڵک لەسەر شەقام، توندوتیژیی تایفی، هێرشکردنە سەر پەرستگاکان و سەپاندنی سنووردارکردن بەسەر ئازادییە ئایینییەکاندا."

سەبارەت بە دۆخی دراوسێکەی، ئەفغانستان، سەرۆکوەزیرانی پاکستان داوای لە تاڵیبان کرد کە پێویستە لە هەموو بارودۆخێکدا مافە بنەڕەتییەکانی گەلی ئەفغانستان، بەتایبەتی مافی ژنان و کچان، بە تەواوی رێزیان لێ بگیرێت.

هاوکات لە رووی ئەمنییەوە، شەریف هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی کابول کرد و گوتی: "گرووپگەلێکی چەکدار کە لە دەرەوە پارەدار دەکرێن، پەناگەی ئارامیان لە ناوخۆی ئەفغانستاندا دۆزیوەتەوە بە ئامانجی تێکدانی سەقامگیریی پاکستان. دەبێت سەرجەم ئەو پەلامار و دزەکردنانەی لە خاکی ئەفغانستانەوە دەکرێن بە یەکجاری رابگیرێن."

داوای کرد کە دەسەڵاتی کاربەڕێکەری کابول هەنگاوی کردەیی و سەلمێنراو بنێت بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات کە خاکی ئەفغانستان جارێکی دیکە لە دژی پاکستان یان هەر وڵاتێکی دیکە بەکارناهێنرێ

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news