Skip to content
krd24.netkrd24.net

دیاردەیەکی دەگمەن؛ وشکترین بیابانی جیهان دەبێتە فەرشێکی رەنگاوڕەنگی گوڵ

دیاردەیەکی دەگمەن؛ وشکترین بیابانی جیهان دەبێتە فەرشێکی رەنگاوڕەنگی گوڵ
گشتی
جیهان

بارانبارینێکی بەخوڕ و پێوانەیی بەهۆی دیاردەی کەشوهەوایی ئێل نینۆ، بیابانی ئەتاکامای لە وڵاتی چیلی، کە بە وشکترین ناوچەی سەر زەوی دادەنرێت، گۆڕیوە بۆ فەرشێکی سروشتیی سەرنجڕاکێش لە گوڵی مۆر، سپی و پەمەیی، و دیاردەیەکی دەگمەنی ژینگەیی بە ناوی بیابانی گوڵگرتوو خولقاندووە.

بیابانی ئەتاکاما لە باکووری چیلی وەک وشکترین بیابانی ناجەمسەری لەسەر ئاستی جیهان پۆلێن دەکرێت؛ بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی و کەوتنی لە نێوان زنجیرە چیاکانی ئەندێز و زنجیرە کەناراوەکان، بە درێژایی ساڵ لە شێی زەریای هێمن و باراناوی دارستانەکانی ئەمازۆن بێبەشە.

لە کاتێکدا رێژەی ئاسایی بارانبارین لەم بیابانەدا تەنیا نزیکەی 15 ملیمەترە لە ساڵێکدا و لە هەندێک ناوچەی ناوەڕاستیدا لە یەک تا سێ ملیمەتر تێناپەڕێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کاریگەریی بەهێزی دیاردەی ئێل نینۆ، بارانبارین لە هەندێک شوێندا گەیشتووەتە 180 ملیمەتر.

ئەم بارانە نائاساییە بووەتە هۆی ژیانەوەی ملیۆنان تۆوی خەوتوو لەژێر خاکی رەق و وشکی بیابانەکەدا. زانایانی ژینگەناسی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە تۆوی ئەو رووەکانە توانای ئەوەیان هەیە بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ لەژێر خاکدا بە خەوتوویی بمێننەوە، هەتا ئەو کاتەی یەکەم شێ و بارانیان بەردەکەوێت و دووبارە دەپشکوون.

دەسەڵاتدارانی چیلی پێشبینی دەکەن لەگەڵ گەیشتن بە لووتکەی وەرزی گوڵگرتن لە مانگی تشرینی یەکەمدا، رووبەری دەشتی گوڵەکان بگاتە نزیکەی 15 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە، ئەمەش دیمەنێکی بێوێنە دەبەخشێت کە هەزاران گەشتیار لە سەرتاسەری جیهانەوە بۆ لای خۆی رادەکێشێت.

بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی کاتۆلیکیی چیلی، لە کاتی گوڵگرتندا ئەم بیابانە میوانداریی زیاتر لە هەزار و 893 جۆری جیاوازی رووەک دەکات. زۆربەی ئەم رووەکانە تەنیا لەم دەڤەرەی جیهاندا هەیە و دەڕوێن، چونکە خاوەنی تایبەتمەندیی بایۆلۆجیی ناوازەن، وەک بوونی گەڵای مۆمی و رەگی قووڵ کە یارمەتییان دەدات بەرگەی توندترین وشکەساڵی بگرن.

 

دیاردەیەکی دەگمەن؛ وشکترین بیابانی جیهان دەبێتە فەرشێکی رەنگاوڕەنگی گوڵ
دیاردەیەکی دەگمەن؛ وشکترین بیابانی جیهان دەبێتە فەرشێکی رەنگاوڕەنگی گوڵ
دیاردەیەکی دەگمەن؛ وشکترین بیابانی جیهان دەبێتە فەرشێکی رەنگاوڕەنگی گوڵ
دیاردەیەکی دەگمەن؛ وشکترین بیابانی جیهان دەبێتە فەرشێکی رەنگاوڕەنگی گوڵ
دیاردەیەکی دەگمەن؛ وشکترین بیابانی جیهان دەبێتە فەرشێکی رەنگاوڕەنگی گوڵ

 

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news