Skip to content
krd24.netkrd24.net

ئێران داوای کۆتاییهێنان بە پارێزبەندی بۆ تاوانبارانی نێودەوڵەتی دەکات

ئێران داوای کۆتاییهێنان بە پارێزبەندی بۆ تاوانبارانی نێودەوڵەتی دەکات
سیاسی
جیهان پارێزبەندی نەتەوە یەکگرتووەکان جەنگی ئێران و ئەمریکا

 جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی رایگەیاند، شەرعییەت و سەنگی یاسای نێودەوڵەتی بەستراوەتەوە بە یەکسانیی دەوڵەتان لە بەردەم یاسادا نەک لە بەردەم هێزدا، هاوکات هۆشداریی دا لەوەی جێبەجێکردنی هەڵبژاردەیی و دووفاقانەی یاساکان بەهۆی بەرژەوەندییە سیاسییەکانەوە بنەماکانی دادپەروەری لەناودەبات.

هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئاستبەرزی بەرگریکردن لە یاسای نێودەوڵەتی بە دەستپێشخەریی مالیزیا و ئەفریقای باشوور لە پەراوێزی کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو، رایگەیاند، یاسای نێودەوڵەتی ئەگەر بە راستی بیەوێت پارێزەری ئاشتی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ بێت، نابێت ببێتە کۆمەڵێک رێسای بژاردەیی بۆ هەندێک دەوڵەت بە توندی جێبەجێ بکرێت و بۆ هەندێکی دیکەش بەهۆی هەژموونی دەسەڵاتەوە پشتگوێ بخرێت.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دۆسیەی فەلەستینی بە ئاشکراترین تاقیکردنەوە بۆ پێوەری یاسای نێودەوڵەتی دانا و جەختی کردەوە، مافی چارەی خۆنووسین و پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی ناخرێنە نێو دانوستانی سیاسییەوە. لەو چوارچێوەیەشدا ستایشی سکاڵاکەی ئەفریقای باشووری کرد لە دادگای نێودەوڵەتیی داد (ICJ) سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی غەزە و پێداگریی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارە دادوەرییەکان کردەوە وەک پایەیەکی سەرەکیی دادپەروەری.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، غەریبئابادی تیشکی خستە سەر دۆخی ئێران و رایگەیاند، وڵاتەکەی رووبەڕووی پێشێلکاریی روونی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بووەتەوە، ئاماژەی بە دەستپێکردنی جەنگی 40 رۆژەی 28ـی شوباتی 2026ـەوە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کرد، کە تێیدا رێبەری باڵای ئێران و 168 خوێندکار و مامۆستا لە میناب کوژران. ناوبراو دووپاتی کردەوە، سەروەریی خاک و دەوڵەتان شیاوی مامەڵەپێوەکردن نییە و مافی بەرگریی رەوا لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بۆ تاران مسۆگەرە.

لە درێژەی قسەکانیدا، غەریبئابادی شەش خاڵی سەرەکیی بۆ چاکسازی لە سیستمی نێودەوڵەتیدا پێشنیاز کرد، لەوانە: رێزگرتنی بێجیاوازی لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەمای قەدەغەکردنی پەنابردن بۆ هێز، گرەنتیکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای نێودەوڵەتی، کۆتاییهێنان بە پارێزبەندی بۆ ئەنجامدەرانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلان بەتایبەت فەلەستین، بەهێزکردنی رۆڵی وڵاتانی باشووری جیهان، و چاککردنی ئەو پێکهاتانەی رێگە بۆ بەکارهێنانی دووفاقانەی یاسا خۆش دەکەن.

لە کۆتاییدا، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران داوای کرد رێگە نەدرێت یاسا ببێتە پاشکۆی هێز، بەڵکوو دەبێت هێز ملکەچی یاسا بکرێت تاوەکوو متمانەی گەلان بە سیستمی نێودەوڵەتییەکان بگەرێتەوە.

 
کاروان شوانی ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news