Skip to content
krd24.netkrd24.net

رۆیتەرز: عێراق لە رێگەی بەندەرەکانی سووریاوە دەستی بە هاوردەکردنی بەنزین کرد

رۆیتەرز: عێراق لە رێگەی بەندەرەکانی سووریاوە دەستی بە هاوردەکردنی بەنزین کرد
سیاسی
عێراق

بەرپرسانی کەرتی نەوتی سووریا و عێراق ئاشکرایان کرد کە هاوردەکردنی بەنزین لە رێگەی بارهەڵگری وشکانی لە بەندەری بانیاسی سووریاوە بۆ نێو خاکی عێراق دەستیپێکردووە؛ هەنگاوێک کە دەبێتە هۆی دروستبوونی رێرەوێکی دوولایەنەی وزە لە نێوان هەردوو وڵاتدا، دوای ئەوەی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا تووشی پەککەوتن هات.

هەینی 25ی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، یەکەم باری بەنزین بە قەبارەی نزیکەی 32 هەزار و 800 تۆنی مەتری کە لە رێگەی کەشتییەکی بارهەڵگرەوە گەیشتبووە پاڵاوگەی بانیاس لە کەناراوەکانی سووریا، دوای بەتاڵکردنی، دەستکراوە بە بارکردنی بۆ سەر تانکەرە نەوتییەکان بەرەو عێراق.

تارق شەلاش، بەڕێوەبەری گشتیی پاڵاوتن لە کۆمپانیای نەوتی سووریا (SPC) بە رۆیتەرزی راگەیاندووە: "تا ئێستا 77 تانکەری نەوت بەندەری بانیاسیان بەرەو سنوورەکانی عێراق بەجێهێشتووە و بارکردنی تانکەری نوێش بەردەوامە."روونیکردەوە، ئەو سووتەمەنییە بەرهەمی ناوخۆی سووریا نییە و لە بەشەخۆراکی بازاڕی سووریاش دەستکاری نەکراوە، بەڵکو پرۆسەکە لە چوارچێوەی ترانزێتدا ئەنجام دەدرێت.

لەم بارەیەوە، سەلیم ڕیکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای "UCC Holding"ی قەتەری واژۆ کردووە بۆ هاوردەکردنی بەنزینی پێشکەوتوو (موحەسەن) لە ڕێگەی بەندەری بانیاس و گواستنەوەی بە تانکەر، و ئێستا بارەکان بە شێوەیەکی رێکخراو دەگەنە عێراق.

عێراق پێشتر بەهۆی پەککەوتنی جموجووڵی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بەهۆی ململانێ سەربازییەکانی پەیوەست بە ئێران، رێگەی سووریای تەنیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی رەش (فویڵ ئۆیڵ) بەرەو بازاڕەکانی دەرەوە بەکاردەهێنا، بەڵام بە گەیشتنی ئەم بارە نوێیەی بەنزین بۆ ناوخۆی عێراق، هێڵەکە بووە کۆریدۆرێکی وزەی دووسەرە.

بەگوێرەی داتاکانی کەشتیوانی (LSEG)، هاوکات کەشتییەکی دیکەش باری بەنزینی لە بەندەری هیوستنی ئەمریکاوە بارکردووە و بەرەو بەندەری بانیاس بەڕێکەوتووە بۆ ئەوەی بە هەمان رێگە ڕەوانەی عێراق بکرێت

بەرپرسانی بەغدا دووپاتی دەکەنەوە تەنانەت ئەگەر دۆخی گەرووی هورمز ئاساییش ببێتەوە، عێراق پلانی هەیە وەک رێگەیەکی بەدیلی ستراتیژی لەسەر پەرەپێدانی ئەم رێڕەوە وشکانییەی سووریا بەردەوام بێت، و لە داهاتووشدا ڕێڕەوەکە جگە لە بەنزین، بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو و کاڵای دیکەش فراوان بکرێت.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news