Skip to content
krd24.netkrd24.net

شی جین پینگ پێشبینی دەکات ئەمساڵ دوو دیداری دیکەی لەگەڵ ترەمپ هەبێت

شی جین پینگ پێشبینی دەکات ئەمساڵ دوو دیداری دیکەی لەگەڵ ترەمپ هەبێت
سیاسی
جیهان چین ئەمریکا

سەرۆکی چین، پێشبینی دەکات پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ دوو دیداری دیکەی لوتکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا هەبێت، هاوکات بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی ئەمریکا و هاوسەرەکەی کرد بۆ سەردانیکردنی چین.

هەینی، 25ـی ئەیلوولی 2026، شی جین پینگ، سەرۆکی چین، بە دەم چاخواردنەوەدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی، گوتی: ئەمساڵ دوو دەرفەتی دیکەمان لەپێشە بۆ سازدانی دیدار؛ یەکەمیان لە میانی کۆڕبەندی هاوکاریی ئابووریی وڵاتانی ئاسیا و زەریای هێمن (APEC) دەبێت لە چین، دووەمیشیان لە میانی بەڕێوەچوونی لوتکەی وڵاتانی گرووپی (G20) دەبێت لە ئەمریکا.

 سەرۆکی چین, لە درێژەی گوتەکانیدا رووی لە سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی:"جەنابی سەرۆک و خانمی یەکەم، زۆر بە گەرمی پێشوازی لە سەردانتان بۆ چین دەکەم."

لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، جەختی لەوە کردەوە، کە گفتوگۆکانی نێوانیان پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە کە لە بەرژەوەندیی هاوبەشی ئەمریکا و چیندایە.

ترەمپ، ئاماژەی بەوە کرد، پێموایە ئێمە هەنگاوی یەکجار گەورەمان بڕیوە و دەستکەوتی بەرچاو هاتوونەتە کایەوە، کە ئەمەش رەهەندێکی یەکجار ئەرێنییە بۆ هەردوو وڵات.

چوارشەممە 23ـی ئەیلوولی 2026، شی جین پینگ، سەرۆکی چین، بەرەو ئەمریکا بە رێ کەوت و بۆ رۆژی دواتر گەیشتە ئەو وڵاتە و لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا.

شی جین پینگ لە ماوەی سەردانە سێ رۆژیییەکەی بۆ واشنتن، ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەبوو، هەروەها هەردوولا پرسی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان و پێناسی گومرگییان تاوتوێ کرد.

شی جین پینگ دوای سەردانە سێ رۆژییەکەی بۆ ئەمریکا، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، کۆتایی بە گەشتەکەی هێنا و گەڕایەوە و چین.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەردانەکەی شی جین پینگی بۆ واشنتن بەرزنرخاند و کۆبوونەوەکانی نێوانیشیان بە ئەرێنی و بە دەستکەوتێکی مەزن وەسف کرد.

 
 
 
 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news