Skip to content
krd24.netkrd24.net

عەلی زەیدی: دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دامەزراوەکانی دەوڵەت بێت

عەلی زەیدی: دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دامەزراوەکانی دەوڵەت بێت
سیاسی
عێراق نیویۆرک نەتەوە یەکگرتووەکان عەلی زەیدی

عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 81ـەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەم گوتارەی پێشکەشی کرد گوتی: دەمانەوێت سەروەریی خاک و ئاسمانی عێراق پارێزراو بێت، عێراق زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە رووبەڕووی جەنگ بووەتەوە.

هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە گوتارێکدا لە بەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پێشینەی کارەکانی حکوومەتەکەی روونیکردەوە و جەختیکردەوە، کارکردن بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و گێڕانەوەی متمانەی هاووڵاتییان بەردەوامە، گوتیشی: «دەبێت دەوڵەت تەنیا بڕیاردەری شەڕ و ئاشتی بێت، سەرجەم چەک و ئامرازەکانی هێز تەنیا لە دەستی دامەزراوە دەستوورییەکاندا دەمێننەوە و لە دەرەوەی یاسا چەک لە دەستی هیچ کەس و گرووپێکدا نابێت، بۆ ئەوەی سەروەریی یاسا دادوەر بێت و لە پێناو بەرژەوەندیی گەلدا بەکاربهێنرێت». زەیدی رایگەیاند، رێکارە پراکتیکییەکانی دەوڵەت لەم بوارەدا بناخەی دەوڵەتێکی سەقامگیر و دامەزراوەیی دادەڕێژن و زەمینەی پێویست بۆ وەبەرهێنان دەڕەخسێنن.

سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەغدا بە گرنگییەوە دەڕوانێتە کشانەوەی هێزە بیانییەکان، پەیوەندییان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە بواری سەربازییەوە دەگوازرێتەوە بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژیی گشتگیر لە کەرتەکانی ئابووری، پەرەپێدان و وەبەرهێناندا. هەروەها دووپاتیکردەوە عێراق لە دوای سەرکەوتنی بەسەر تیرۆردا، بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردنی توانا سەربازی و ئەمنییەکانی بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی.

لە بارەی پەرەپێدانی ئابووریی عێراق، جەختیکردەوە کە کار بۆ ئابوورییەکی وەبەرهێنەر دەکەین، بۆ ئەمەش داوا لە وڵاتانی دەکەین و بانگهێشتیان دەکەین بۆ ئەوەی بین و لە عێراق پرۆژەی وەبەرهێنان بکەن، هاوکات زەیدی تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی چاکسازیی دارایی، هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت، هاوکات پڕۆژەی ستراتیژیی "رێگەی گەشەپێدان"ی وەک دەروازەیەکی نێودەوڵەتی پێشکەش کرد کە بەندەری فاو لە باشوورەوە لە رێگەی تورکیاوە بە ئەوروپا دەبەستێتەوە. لە هەمان کاتدا نیگەرانیی عێراقی بەرامبەر بە کێشەکانی ئازادیی کەشتیوانی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا نیشان دا و جەختی لە هەمەچەشنکردنی رێڕەوەکانی هەناردەی نەوت لە رێگەی تورکیا، ئوردن و سووریاوە کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، زەیدی داوای کرد ناوچەکە لە ململانێوە بەرەو هاوکاری و بەرژەوەندیی هاوبەش هەنگاو بنێت. بە ئاماژەدان بە یاساکانی حامورابی، رەخنەی گرت، لە جیهانی ئەمڕۆدا "یاسای بەهێزەکان حوکم دەکات نەک هێزی یاسا"، راشیگەیاند کە هیچ سەقامگیرییەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی نایەت بێ دەستەبەرکردنی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی فەلەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان.

لە کۆتایی وتارەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق مەترسییەکانی وشکەساڵی، کەمئاوی و گۆڕانی کەشوهەوای خستەڕوو و پێداگریی لەسەر مافە ئاوییە رەواکانی وڵاتەکەی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کردەوە، هاوکات بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بنبڕکردنی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان، پاڵپشتیی گەنجان و ژنان، و پاراستنی فرەجۆریی پێکهاتەکانی وەک بنەمای عێراقی نوێ دووپات کردەوە و ستایشی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی یۆنامیی کرد.

 
 
 
 
 
 

 

کاروان شوانی ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news