Skip to content
krd24.netkrd24.net

کێپلەر: نەوت بە هەمان ئاستی هەفتەی رابردوو لە گەرووی هورمزەوە هەناردە دەکرێت

کێپلەر: نەوت بە هەمان ئاستی هەفتەی رابردوو لە گەرووی هورمزەوە هەناردە دەکرێت
ئابووری
جیهان داخستنی گەرووی هورمز

داتا سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە زیاتر لە 33 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە گەرووی هورمزەوە رەوانە کراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پرۆسەی هەناردەکردن لە ئاستێکە زۆر لە هەفتەی رابردوو نێزیکە.

بەگوێرەی داتاکانی بەدواداچوونی جووڵەی کەشتییەکان کە لەلایەن کۆمپانیای "کێپلەر"ەوە بڵاوکراونەتەوە، جووڵەی گواستنەوەی نەوت لە گەرووەکە 19 کەشتیی گرتووەتەوە، کە 17 لەوانە کەشتیی زەبەلاحن و هەریەکەیان توانای هەڵگرتنی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەیە. زۆربەی ئەم کەشتییانە نەوتی خاوی سعوودیەیان بار کردووە و بە پلەی دووەمیش نەوتی خاوی عێراق دێت.

داتاکانی کێپلەر ئاماژەیان بەوەش کردووە کە لە تەواوی هەفتەی رابردوودا، 49.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە گەرووی هورمزەوە دەرچووە.

لای خۆشییەوە بەرپرسێکی ئەمریکی رایدەگەیەنێت، رۆژی چوارشەممەی رابردوو نزیکەی 60 کەشتیی بازرگانی بە قەبارەی جیاواز لە گەرووی هورمز پەڕیوونەتەوە، کە بەرزترین بڕی رۆژانەی نەوتیان هەڵگرتبوو لە سەرەتای مانگی تەمووزی 2026ـەوە.

ئەم جووڵەیە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای "ئارامکۆ"ی سعوودیە هەناردەکردنی نەوتی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش دوای وەستانی بارە نەوتییەکان لە بەندەری یەنبەع لەسەر دەریای سور بەهۆی هێرشەکانی سەر هێڵی بۆڕیی "رۆژهەڵات - رۆژئاوا"لە سەرەتای ئەم مانگەدا.

داتاکانی کێپلەر بۆ رۆژی هەینی نیشانی دەدەن کە ژمارەی کەشتییەکانی گواستنەوەی کەلوپەل کە رۆژی پێنجشەممە لە گەرووی هورمز پەڕیوونەتەوە دابەزیوە بۆ 9 کەشتی بە بەراورد بە 14 کەشتی لە رۆژی پێشتردا، بەڵام ژمارەیەک کەشتیی دیکە کە ژمارەیان نەزانراوە بە گەرووەکەدا تێپەڕیون دوای ئەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی کوژاندووەتەوە و لە داتاکاندا ئەژمار نەکراون.

پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە 28ـی شوباتی 2026، گەرووی هورمز رۆژانە شایەدی تێپەڕبوونی نێزیکەی 125 کەشتیی گەورەی بازرگانی بوو (کە نەوتهەڵگر، کەشتیی گواستنەوەی گاز و کەشتیی کەلوپەلیان لەخۆدەگرت)، نزیکەی 20%ـی پێداویستی رۆژانەی نەوتی خاو و گازی سروشتیی شلکراوە لەسەر ئاستی جیهان دابین دەکرد.

 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news