پارتی چاکسازیی تورکمان لە ساڵڕۆژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا رایدەگەیەنێت، بڕیاردان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم دەستکەوتێکی مێژوویی گەورە و سەروەرییەکی نیشتمانییە بۆ سەرجەم پێکهاتەکان، هاوکات داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن.
پارتی چاکسازیی تورکمان لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی 25ـی ئەیلوول، ساڵڕۆژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم یادە وێستگەیەکی پڕبایەخ و گرنگە لە مێژووی سیاسیی گەلی کوردستاندا، کە سەرەڕای هەموو لەمپەر و ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی ئەنجام درا و بووە سەروەرییەکی هاوبەشی نیشتمانی بۆ سەرجەم چین، توێژ و پێکهاتە جیاوازەکان.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە "لەو پرۆسە دیموکراسییەدا، کوردستانییان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە بانگی سەربەخۆییان گەیاندە هەموو جیهان؛ ریفراندۆم پرسێکی نیشتمانی و ئیرادەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بوو، ئەویش دوای ئەوەی بەغدا چەندین ماددەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی پێشێل کرد و چەندین کێشەی دارایی، کارگێڕی، سەربازی و یاسایی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست کرد."
پارتی چاکسازیی تورکمان تیشکی خستووەتە سەر دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و بە "ناهەموار"وەسفی دەکات، جەختیش دەکاتەوە کە ئەم قۆناغە هەستیارە پێویستی بە یەکڕیزیی هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان هەیە. لەم چوارچێوەیەشدا داوا دەکات سەرجەم حزبەکان هاوئاهەنگ بن لە پێناو پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و پارێزگاریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، وێڕای پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان، سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگەی رزگاریی کوردستان دادەنەوێنن و خەبات و قوربانیدانی سەرجەم نیشتمانپەروەران و ئازادیخوازان بەرز دەنرخێنن.




