بڕیکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لایەنە فیدراڵییەکان دەستکاریی خشتەی سەرژمێریی گشتییان کردووە و بە تەواوی رەتیدەکەنەوە پشکی هەرێم لە بودجەدا بۆ 12.67% کەمبکرێتەوە، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە مافی دەستووریی هەرێمی کوردستانە پشکەکەی لەسەر بنەمای 14.14% جێگیر بکرێت.
سیروان محەممەد، بڕیکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی ڕۆژ"ـی رایگەیاند: بەغدا لە ڕێگەی دەستەی ئاماری فیدراڵییەوە خشتەیەکی بۆ وەزارەتەکەیان ناردووە کە بە نایاسایی دەستکاریی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی تێدا کراوە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد لەو خشتەیەدا ژمارەی ئاوارەکان، پەنابەران و بیانییە نیشتەجێبووەکانی هەرێم دەرکراون و ئاوارەکانیش گەڕێنراونەتەوە سەر پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بە هۆیەوە رێژەی دانیشتووانی هەرێمیان بۆ 12.67% دابەزاندووە، ئەمەش لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بە تەواوی رەتکراوەتەوە.
بڕیکاری وەزارەتی پلاندانان روونیکردەوە، هەرێمی کوردستان پێداگری دەکات کە رێژەی 14.14% لە بودجەی ساڵی 2027 و ساڵانی داهاتوودا بکرێتە بنەما، لەبارەی زیانە داراییەکانی ئەو بڕیارەی بەغداش گوتی "ئەگەر بودجەی گشتیی عێراق بە 100 ترلیۆن دینار ئەژمار بکرێت، دابەزاندنی ڕێژەکە لە 14.14%ـەوە بۆ 12.67%، ساڵانە نزیکەی یەک ترلیۆن و نیو دینار زیان بە بەشەبودجەی هەرێم دەگەیەنێت، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، شایستە داراییەکان و قەرز و بەخشینەکان دەبێت."
سیروان محەممەد جەختی لەوە کردەوە کە کێشەکە "سیاسییە نەک هونەری"؛ چونکە پێشتر لەسەر داوای هەرێم سێ بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ڕێکخستنی سەرژمێری و بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و یەکلاکردنەوەی داتاکان دەرچووبوون، کەچی وەزارەتی پلاندانانی عێراق پابەندی بڕیارەکان نەبووە.
بریکاری وەزارەتی پلاندانان رایگەیاند، مامەڵەکردنی بەغدا بە سیاسەتی "ئینفاقی فیعلی"غەدرێکی گەورەیە و لە ڕابردووشدا بووەتە هۆی فەوتانی سێ بۆ چوار مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بۆیە ئەگەر حکوومەتی فیدراڵ نەگەڕێتەوە سەر دەستوور، سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ دێتە سەر خەت و پەنا بۆ سەرجەم رێکارە یاساییەکان و دادگای باڵای فیدراڵی دەبرێت.




