Skip to content
krd24.netkrd24.net

هەولێر ئامادەکاری بۆ زستان دەکات

هەولێر ئامادەکاری بۆ زستان دەکات
گشتی
کوردستان سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر رایدەگەیەنێت، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون ئامادەکاریی تەواو بۆ وەرزی زستان و رێگریکردن لە لافاو بکەن، ئاماژە بەوەش دەکات دروستکردنی ئەو 30 پۆندەی لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەنجامدراون، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ کەمبوونەوەی بەرچاوی مەترسییەکانی لافاو لە هەولێر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی رایگەیاند "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزارەتی شارەوانیدا تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران تاوەکو پێش دەستپێکردنی وەرزی زستان و بارانبارین، ئامادەکاریی تەواو بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەکی دروستبوونی لافاو."

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، لە چەند ساڵی رابردوودا و لەسەر بڕیار و راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بڕیار درا بە دروستکردنی 30 پۆند لە سنووری هەولێر و لە ئێستاشدا بەشی هەرە زۆریان تەواو بوون، ئەمەش فاکتەری سەرەکی بووە بۆ پاراستنی هەولێر و ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو.

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە "لە ساڵانی رابردوودا لە 50 بۆ 60 شوێن لافاو دروست دەبوو، بەڵام بەهۆی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانەوە لە ئێستادا تەنیا لە 5 بۆ 6 شوێن گرفت ماوە، هەروەها ژمارەیەک پڕۆژەی بچووکیش لە گەڕەک و کۆڵانەکان لە قۆناغی جێبەجێکردندان کە بە تەواوبوونیان مەترسییەکانی لافاو بە تەواوی چارەسەر دەبن."

کارزان هادی باسی لەوەش کرد، هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵ و ئاوەڕۆکان بەردەوام دەبێت تاوەکو لە کاتی بارانباریندا هیچ گرفتێک دروست نەبێت، هاوکات تەواوی کەندە سروشتییەکانیش لە پاشماوە و سەرپێچییەکان پاک دەکرێنەوە.

دەربارەی دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ ئەم پڕۆسەیە، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاشکرای کرد: لە ئێستادا پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی بودجەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکاندا پارەی پێویست دابین دەکات، بەڵام داوایان کردووە بودجەیەکی تایبەت و سەربەخۆ بۆ ئەم پڕۆسەیە تەرخان بکرێت.

 
شۆڕش هەرکی ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news