بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر ئاشکرای کرد، نرخی گۆشتی ئاژەڵی بچووک لە بازاڕەکانی شاری هەولێر، بە بڕی دوو هەزار تا دوو هەزار و 500 دینار بۆ هەر کیلۆیەک دابەزی، بە جۆرێک ئێستا کیلۆیەک گۆشت لە نێوان 22 هەزار بۆ 22 هەزار و 250 دیناردا دەفرۆشرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی رایگەیاند: دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا نرخی کیلۆیەک گۆشتی ئاژەڵی بچووک بەرزبووەوە بۆ ئاستی 24 هەزار و 500 تا 25 هەزار دینار، ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوام نرخەکە رووی لە دابەزین کردووە.
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر روونی کردەوە، ئێستا نرخی هەر کیلۆیەک ئاژەڵی بچووک بە "زیندەقەپان"بە بڕی هەزار تا هەزار و 500 دینار دابەزیوە، ئەمەش وای کردووە نرخی گۆشت لە دوکانەکانی قەسابیدا دوو هەزار تا دوو هەزار و 500 دینار بۆ هەر کیلۆیەک کەم بکات؛ بەم پێیەش ئەو گۆشتەی پێشتر بە 24 هەزار و 500 دینار بووە، ئێستا بە 22 هەزار تا 22 هەزار و 250 دینار دەفرۆشرێت.
سەبارەت بە هۆکاری دابەزینی نرخی ئاژەڵی بچووک، هەڵمەت هەمزە ئاماژەی بەوە کرد، بە هۆی نزیکبوونەوە لە وەرزی زستان، خاوەن کێڵگەکان دەیانەوێت ئاژەڵەکانیان ساخ بکەنەوە و بیخەنە بازاڕەوە، کە ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دابەزینی نرخەکان هەبووە.
لە لایەکی دیکەوە، محیەددین بایز خەیلانی، ئەندامی ئەنجوومەنی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر بە ماڵپەڕیـی راگەیاند: "نرخی ئاژەڵ لە دابەزینی بەردەوامدایە و بەراورد بە چەند مانگی رابردوو گەیشتووەتە نزمترین ئاست؛ هۆکاری سەرەکیش بۆ هاوردەکردنی بەرفراوانی ئاژەڵ لە وڵاتانی ئەرمینیا، جۆرجیا و وڵاتانی دراوسێوە دەگەڕێتەوە، کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی یەکجار زۆر ئاژەڵ گەیشتووەتە مەیدانی هەولێر".
خەیلانی باسی لەوەش کرد، زۆرترین خواستی هاووڵاتییان لەسەر مەڕوماڵاتە، هەروەها تیشکی خستە سەر نرخە نوێیەکان بە زیندە قەپان و گوتی: "ئێستا کیلۆی کاوڕ بە نۆ هەزار دینارە، کاوڕی گۆشت بە هەشت هەزار دینار، مەڕی سپی بە شەش هەزار دینار و، نرخی هەر کیلۆیەک گۆلکی دابەستەش بە نۆ هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، هەرچەندە لە کاتی ئێستا جووڵەی کڕین و فرۆشتن لە مەیدانی ئاژەڵان تا ڕادەیەک سستە، بەڵام پێشبینی دەکەن لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی سەرما و بارانبارین بازاڕەکە گەرموگوڕیی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و کڕین و فرۆشتن روو لە زیادبوون بکات.




