هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی سعوودیە، بەرپەرچی چەندان هێرشی مووشەکیی حووسییەکانیان دایەوە دوای ئەوەی هۆشداری و زەنگی ئاگادارکردنەوەی خێرا لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە لەنێویاندا مەککەی پیرۆز لێدرا، ئەوەش لە کاتێکدایە هێرش و شەڕی نێوان هەردوولا بە شێوەیەکی مەترسیدار رووی لە هەڵکشان کردووە.
پێنجشەممە 24ـی ئەیلوولی 2026، هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە شەش مووشەکی بالیستی تێکبشکێنن و هێرشەکان بۆ سەر هەردوو شاری تائیف و یەنبوع پووچەڵ بکەنەوە. هاوکات تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە هۆشداری دا، بە تووندی مامەڵە لەگەڵ هەڵکشان و پێشێلکارییە تیرۆریستییەکانی میلیشیاکانی حووسی دەکرێت. پێشتریش بەرگریی شارستانیی سعوودیە زەنگی ئاگادارکردنەوەی لە شارەکانی مەککە، یەنبوع، تائیف، جەددە و تەبوک لێدا بەهۆی ئەگەری مەترسیی مووشەکی، دوای چەند خولەکێک راگیران.
لە بەرامبەردا، یەحیا سەریع گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە بەیاننامەیەکدا بانگەشەی ئەوەی کرد، هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورەیان بە دەیان مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ سەر پێگەکانی سوپای سعوودیە لە ناوچەی جیزان ئەنجامداوە، بەتایبەت لە ناوچەی توال و سەربازگەی دەغاریر، و بانگەشەی کرد، کە سەدان سەرباز لە ژوورەکانی ئۆپەراسیۆن و فەرماندەیی و کۆگاکانی چەکدا کوژراون و بریندار بوون.
هاوکات لەگەڵ هێرشە مووشەکییەکاندا، شەڕێکی خوێناوی لە ماوەی 24 کاتژمێر رابردوودا لە ناوخۆی یەمەن لە نێوان حووسییەکان و هێزەکانی حکوومەتی پشتیوانیکراو لەلایەن سعوودیە بەڕێوەچوو، کە بەپێی ئاماری سەرچاوە سەربازییەکان بەلایەنی کەمەوە 150 چەکدار لە هەردوولا کوژراون. لەو ژمارەیە 98 ئەندامی هێزەکانی حکوومەت لە هێرشی مووشەکی و درۆنیدا کوژراون و لە بەرامبەریشدا لانیکەم 52 چەکداری حووسی لە پێکدادانەکانی چیاکانی کەهبووب و ناوچەکانی نێوان پارێزگای لەحج و تەعز گیانیان لەدەستداوە، لە هەوڵێکی حووسییەکاندا بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەرزاییە ستراتیژییەکانی سەر گەرووی بابولمەندەب.
دوای شکستهێنانی ئاگربەستەکەی ساڵی 2022 لە مانگی تەممووزی رابردوودا بەهۆی تۆمەتبارکردنی ریاز بە بۆردومانی فڕۆکەخانەی سەنعا، حووسییەکان گەمارۆی دەریاییان بەسەر سعوودیەدا سەپاند و هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەستیانپێکردەوە. بە کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری کەناراوەکانی دەریای سوور تا دەگاتە بابولمەندەب لەلایەن حووسییەکانەوە، هەژموونی ئێران و هاوپەیمانەکانی بەسەر ئەو رێڕەوە ئاوییە هەستیارانەدا چڕتر بووەتەوە شادەماری هەناردەی نەوتی سعوودیە و دەروازەی سەرەکیی کەناڵی سوێسن.




