Skip to content
krd24.netkrd24.net

لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمان راسپاردەی چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنیی پەسەند کرد

لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمان راسپاردەی چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنیی پەسەند کرد
سیاسی
عێراق پەرلەمانی عێراق

لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق داوای یەکخستنی نرخی سووتەمەنی لە نێوان پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، ئەندامێکی لیژنەکەش بۆ ئاشکرای دەکات کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو پێشنیازی کردووەتە بەردەم بەغدا بۆ ئەوەی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بگاتە دەستی هاووڵاتییانی هەرێم.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر کۆمەڵێک راسپاردە دا کە لەلایەن لیژنەیەکی کاتییەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوون، لە یاداشتێکیشدا داوای جێگیرکردنی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکاندا کرد.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز رایگەیاند: پێویستە سووتەمەنی بۆ سەرجەم پارێزگاکان دابین بکرێت و پشکی شایستەش بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، هاوکات لیژنەکە داوای کردووە لە ڕێگەی پێکهێنانی لیژنەیەکی تەکنیکی لە پارێزگاکان پڕۆسەی دابەشکردن ڕێکبخرێتەوە و هەمان نرخی پاڵپشتیکراوی فەرمیی عێراق لە هەرێمی کوردستانیش پەیڕەو بکرێت.

سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دابینکردنی سووتەمەنی، سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق بەـی راگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو پێشنیازی فەرمی خستووەتە بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق:

پێشنیازی یەکەم: ئەگەر وەزارەتی نەوتی عێراق بەنزین بە نرخی 450 دینار، گازوایل بە 400 دینار و بەرمیلێک نەوتی سپی بە 31 هەزار دینار بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین بکات، ئەوا لە بەرامبەردا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەیی دەربڕیوە ڕۆژانە بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی عێراق بکات.
پێشنیازی دووەم: سیپان شێروانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر بەغدا بە پێشنیازی یەکەم رازی نەبێت یان نەتوانێت سووتەمەنیی پێویست ڕەوانە بکات، پێشنیاز کراوە نەوتی خاو بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت، تاکوو لە ڕێگەی پاڵاوگەکانی هەرێمەوە بەرهەم بهێنرێت و بە هەمان نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news