کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، داوای دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانیان لە ناوخۆی عێراقدا کرد بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆیەی لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە، بەتایبەت دوای راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.
حزبوڵڵای عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی ئەیلوولی 2026، لە راگەیەندراوێکدا رەخنەی توندیان لەو لایەن و کۆمپانیایانە گرت کە پابەندی سزاکانی واشنتن بوون و رایگەیاند: ئەو لایەن و کۆمپانیایانەی لە بەرامبەر بەرژەوەندییەکی بچووکدا مل بۆ بڕیارە ستەمکارانەکانی ئەمریکا دەدەن، بوونەتە داردەستی واشنتن لە خنکاندنی گەلی دراوسێ و توندکردنی گەمارۆکە لەسەری.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: بانگەواز ئاراستەی گەلی عێراق دەکەین تاوەکو بە هەموو رێگەیەکی گونجاو هەوڵی شکاندنی ئەم گەمارۆیە بدەن بۆ پشتیوانیکردنی گەلی ئێران، بەتایبەت لە رێگەی پشتیوانیکردن لە بەرهەمە ئێرانییەکان و برەودان بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هاوکات خۆبەدوورگرتن لە بەشداریکردن لە هەر چالاکییەک کە بارگرانیی سەر ستەملێکراوان قورستر بکات.
ئەم هەڵوێستەی کەتیبەکانی حزبوڵڵا دوای ئەوە دێت، چوارشەممە سزاکانی واشنتن بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران بە تەواوی چووە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بەپێی راگەیەندراوی سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، 27 کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی ئێرانی گرتووەتەوە.
لە ژێر کاریگەریی ئەو سزایانەدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ ئێراندا راگرت، بەڵام تا ئێستا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف بەردەوامە لە پێشوازیکردن لە گەشتە ئێرانییەکان، هاوشانی دەوڵەتی تورکیا هێشتا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئێران نەوەستاندووە.




