Skip to content
krd24.netkrd24.net

حووسییەکان: دەیان پێگە و بارەگای سعوودیەمان کردووەتە ئامانج

حووسییەکان: دەیان پێگە و بارەگای سعوودیەمان کردووەتە ئامانج
سیاسی
جیهان چەکدارە حووسییەکانی یەمەن سعوودیە و حوسیەکان

هێزە چەکدارەکانی حووسییەکانی یەمەن، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانیان راگەیاند و رایانگەیاند، بە دەیان مووشەک و درۆن، کۆمەڵێک پێگە و بارەگای سوپای سعوودیەیان لە ناوچەی جیزان لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە کردووەتە ئامانج.

یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی ئەیلوولی 2026، لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد، ئەم هێرشە وەک وەڵامێک بووە بۆ پەرەسەندنی پەلامارەکانی سعوودیە بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی یەمەن.روونیشیکردەوە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ژوورەکانی ئۆپەراسیۆن، فەرماندەیی، کۆنترۆڵ، کۆگاکانی چەک و شوێنە سەربازییەکانی ناوچەی توال لە جیزان کە سەر بە هێزەکانی فریاکەوتنن، کراونەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک لە سەربازگەی دەغاریری جیزان و چەند سەربازگەیەکی دیکەی ناوچەکە پێکراون.هاوکات رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە سەدان کەس لە هێزە چەکدارەکان لەنێویاندا یەمەنی و سوودانییەکان و دەیان سەرباز و ئەفسەری سعوودیە کوژراون و بریندار بوون، هاوکات ژمارەیەک کۆگای چەک و تەقەمەنیش تێکشکێنراون و ئاگریان گرتووە.

لە بەرامبەردا، لایەنی یەمەنی هۆکاری ئەم هێرشەی بۆ چاودێریکردنی کۆکردنەوەی هێزێکی گەورەی سعوودیە لەسەر سنوور گەڕاندەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد پێشتر سوپای سعوودیە زیاتر لە 200 مووشەکی لە جیزانەوە ئاراستەی ناوچە سنوورییەکانی سەعدە و حەججە کردووە. گوتەبێژەکەی حووسییەکان جەختی لە بەردەوامیی هێرشەکانیان دژی سەرچاوەی هەڕەشەکان کردەوە و هۆشداریی وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەکی نوێی دا.

ئەم راگەیەندراوە لە کاتێکدایە، ئاڵۆزییە سەربازییەکانی سەر سنووری نێوان یەمەن و سعوودیە بەردەوامییان هەیە، هاوکات هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی راستیی قەبارەی زیانە گیانی و مادییەکانی پشتڕاست نەکردووەتەوە کە حووسییەکان باسی لێوە دەکەن.

 
کاروان شوانی ,
Source: krd24.net — Via: Kurdistan 24

Related news