دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئیمارات، بە شێوەیەکی فەرمی هەڵپەساردنی سەرجەم گەشتەکانی کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانیی ئێرانی راگەیاند، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو سزایانەی لە لایەن ئەمریکاوە بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپێنراون.
پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئیمارات، هەڵپەساردنی سەرجەم گەشتەکانی کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانیی ئێرانی بۆ ناوەوە و دەرەوەی ئیمارات تا کاتێکی نادیار راگەیاند.
دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە راگەیەنراوێکدا جەختی کردەوە، کە ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای ئەو گەمارۆ و سزایانە هاتووە کە لە لایەن ئەمریکاوە بەسەر کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپێنراون، سەبارەت بە قەدەخەکردنی بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکان لە وڵاتانی جیاوازی جیهاندا.
هەروەها دەستەکە روونی کردەوە، بەردەوام دەبێت لە ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و رای گشتی لە هەر پێشهات و نوێکارییەک کە لەم بارەیەوە رووبدات، تا ئەو کاتەی جووڵەی گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئیمارات داوای لە هاووڵاتییان و گەشتیاران کرد، زانیاری و وردەکارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمی و باوەڕپێکراوەکانی دەوڵەتەوە وەربگرن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بە کەناڵی "سی ئێن بی سی"، راگەیاندبوو، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە چوارچێوەی گوشارە بەردەوامەکانیدا بۆ سەر تاران، لە رۆژی 23ـی ئەیلوولەوە سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا لە کارکردن دەخات.
بێسێنت هۆشداریی دابوو کە لە ئەگەری نیشتنەوەی هەر فڕۆکەیەکی ئێرانیدا، نابێت هیچ فڕۆکەخانەیەک سووتەمەنی و خزمەتگوزاریی نیشتنەوەیان بۆ دابین بکات یان تکتی گەشتیان پێ بفرۆشێت، چونکە هەر لایەنێک ئەو کارە بکات دەستبەجێ لە سیستەمی دارایی دۆلاری ئەمریکی بێبەش دەکرێت و سزای قورسی بەسەردا دەسەپێنرێت.




