Skip to content
krd24.netkrd24.net

عەممار حەکیم: لایەنەکان پشتیوانیی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەکەن

عەممار حەکیم: لایەنەکان پشتیوانیی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەکەن
سیاسی
عێراق چەکی بێ مۆڵەت هێزە سیاسییەکانی عێراق

سەرۆکی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی رایگەیاند: هێزە سیاسییەکانی عێراق بە تەواوی پشتیوانی لە هەوڵەکانی کابینەی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، عێراق لە کۆتایی ئەم مانگەدا ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتایی پێدەهێنێت.

پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، عەممار حەکیم، سەرۆکی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی، لە قاهیرە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر کۆبووەوە.

بە پێی راگەیەنراوەی نووسینگەی سەرۆکی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی، لە کۆبوونەوەکەدا قووڵیی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان بەغدا و قاهیرە تاوتوێ کراون و، عەممار حەکیم دڵخۆشیی خۆی دەربڕیوە بەو ئاراستە ئەرێنی و پێشکەوتنەی کە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لە بوارە جیاوازەکاندا بەخۆیانەوە بینیویانە لەپێناو گەیشتن بە تەواوکارییەکی ستراتیژی.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، عێراق لەبەردەم وەرچەرخانێکی گرنگی سیادیدایە، ئەویش کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا. جەختی کردەوە لەسەر پێداگریی تەواوی هێزە سیاسییەکان لە پاڵپشتیکردنی کارنامەی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی زەیدی، بە مەبەستی بنبڕکردنی دیاردەی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت.

سەبارەت بە دۆخی دارایی، سەرۆکی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی روونی کردەوە، ئابووریی عێراق خاوەنی پتەویی پێویستە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی ئێستا کە بەهۆی ئاڵۆزییە ناوچەییەکانەوە دروست بوون و، وڵات هەنگاوی خێرا دەنێت بەرەو بونیادنانی سیستەمێکی ئابووریی هەمەچەشن کە بتوانێت وەڵامدەرەوەی داخوازییەکانی گەل و پەرەپێدانی بەردەوام بێت.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، عەممار حەکیم هۆشداری دا لە هەنگاوە مەترسیدارەکانی گرژی لە ناوچەکەدا و گوتی: زمانی توندوتیژی و چەک چارەسەری بەردەوام بەرهەم ناهێنێت، بەڵکوو لێکەوتەی نەرێنی لەسەر سەرجەم کایەکانی ژیان دروست دەکات، وەک ئەوەی لە قەیرانی کەرتی وزەدا بە روونی دەبینرێت.

عەممار حەکیم پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی میسر لە بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی فەڵەستین و دەستپێشخەریی ئاوەدانکردنەوەی غەززە دووپات کردەوە و، داوای یەکخستنی هەوڵە عەرەبییەکانی کرد بۆ هێنانەدیی سەقامگیری و هێورکردنەوەی تەنگژەکانی ناوچەکە.

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news