بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچوو و رەشنووسی داواکارییەکانی هەرێم بۆ بودجەی ساڵی 2027 پێشکەش کرا.
داواکارییەکانی شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ بودجەی ساڵی 2027ی عێراق، بابەتەکانی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی لەخۆگرتبوو؛ هەموو ئەو داواکارییانەش رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراون.
هەروەها تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق تێگەیشتنێکی باشیان بۆ رەشنووسەکە هەبووە.
پەیامنێری راشیگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمی سەبارەت بە داواکارییەکان نەدراوەتەوە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لە سەفەری واشنتن بگەڕێتەوە تاوەکو رەزامەندی لەسەر داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بدات و دواتر رێککەوتنی لەسەر بکرێت."
شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبەری بەشی بودجە، بەڕێوەبەری بەشی ژمێرکاری، راوێژکاری وەزارەتی دارایی و چەند شارەزایەکی بواری بودجە پێکهاتبوو.




