سندوقی گەڕاندنەوەی پارەی عێراق، بڕی 13 ملیۆن دۆلاری لەو داراییانە گەڕاندەوە کە پێشتر بە بڕیاری دادگا لە بانکەکانی فەرەنسا بلۆک کرابوون و پارەکەش خراوەتە سەر خەزێنەی دەوڵەت.
ئەمڕۆ پێنجسەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، محەممەد عەلی لامی، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی سندوقەکە رایگەیاند، پرۆسەی گەڕاندنەوەی پارەکە بەرھەمی ئەو بەدواداچوون و رێکارانەیە کە سندوقەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتی و ناوخۆییە پەیوەندیدارەکان بەدەستیانهێناوە. لامی روونیکردەوە، دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ بانکی عەرەبی سویسری، بڕە پارەکە خراوەتە سەر هەژمارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق.
لامی گوتی: "گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە دەستکەوتێکی نوێیە بۆ ئەو هەوڵانەی سندوقەکە لە پێناو بەدواداچوون و گەڕاندنەوەی سەروەت و سامانی عێراق لە دەرەوەی وڵات دەیدات". ئەو بەرپرسە جەختی لەسەر بەردەوامیی کار و هەماهەنگییەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گەڕاندنەوەی داراییەکانی دیکەی دەوڵەت بۆ خەزێنەی گشتی کردەوە.
سەرکەوتنی پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو 13 ملیۆن دۆلارە، نیشانەی کاریگەریی ئەو بەدواداچوون و دیدارانەیە کە سەرۆکی سندوقەکە و سەرۆکی دەستەی نەزاهەی فیدراڵی لە پەراوێزی سەردانی شاندی حکومی بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ فەرەنسا بەدەستیانهێناوە. ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدان کە ئامانجیان پاراستنی پارەی دەوڵەت و گەڕاندنەوەی مافە داراییەکانیەتی لە دەرەوەی وڵات.




