Skip to content
krd24.netkrd24.net

عێراقی سەوز: پیسبوونی دیجلە و فورات سەرچاوەی 13 نەخۆشیی مەترسیدارن بۆ مرۆڤ

عێراقی سەوز: پیسبوونی دیجلە و فورات سەرچاوەی 13 نەخۆشیی مەترسیدارن بۆ مرۆڤ
سیاسی
عێراق روانگەی عێراقی سەوز

پێنجشەممە، روانگەی عێراقی سەوز، کە تایبەتە بە کاروباری ژینگە، رایگەیاند پیسبوونی ئاوی دیجلە و فورات سەرچاوەی 13 نەخۆشیی جۆراوجۆرە بۆ مرۆڤ. روونیکردەوە، چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر هەیە.

روانگەی عێراقی سەوز لە راگەیەندراوێکدا جەختیکردەوە، ئەو پێشبینییانەی باس لە خێرایی و کاریگەریی چارەسەری پیسبوونی دیجلە و فورات دەکەن، بێ بنەمان، چونکە ئەم پرسە پێویستی بە ساڵان و لە هەندێک حاڵەتدا بە دەیان ساڵ هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەو رێکخراوە ئاشکرایکرد گۆڕینی خێرای رێڕەوی ئەو بۆریانەی ئاوەڕۆی قورس دەڕێژنە دیجلە، مەحاڵە، چونکە پێویستی بە پڕۆژەی ستراتیژیی گەورە هەیە بۆ گۆڕینی ئاراستەکەیان. هاوکات، کێشەی هاوشێوە لەگەڵ ئەو کارگانە هەیە کە پاشماوەکانیان دەڕێژنە رووبارەکە، هەروەها وێستگەکانی کارەبا کە پاشماوەی سووتەمەنی و زەیتی تێدا فڕێ دەدەن.

روانگەی عێراقی سەوز روونیکردەوە، ئەم کێشەیە رووباری فوراتیش دەگرێتەوە، کە ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی تەندروستی و کشتوکاڵی لەسەر کەنارەکانی دروستکراون.

سەبارەت بە هەوڵەکانی پەرلەمان، ئەو رێکخراوە جەختیکردەوە لێژنەی پەرلەمانیی تایبەت بە چاودێریکردنی پیسبوونی دیجلە و فورات، هیچ شتێکی نوێ پێشکەش ناکات. روونیکردەوە راسپاردەکانی ئەو لێژنەیە تەنیا رێگرییکردن دەبێت لەو لایەنانەی رووبارەکان پیس دەکەن و هەڕەشەی رێکاری دادوەرییان لێ دەکرێت، لە کاتێکدا ئەو لایەنانە تا ئێستا هیچ چارەسەرێکیان بۆ ئەم بابەتە بەدەست نەهێناوە، چونکە رێگریکردن لە رژانی ئاوی چارەسەرنەکراو بۆ رووبارەکان پێویستی بە کات و پڕۆژەی زۆر هەیە.

روانگەی عێراقی سەوز هۆشداری دا، ئەو پیسبوونی ئاوە لە قۆناغی داهاتوودا زیاتر دەبێت، بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی هەردوو رووبار و زیادبوونی گوشاری دانیشتووان لە شارەکاندا. ئەم دۆخە بە ناچاری گوشار دەخاتە سەر ئەو خزمەتگوزارییانەی شارەوانیی بەغدا و شارەوانیی پارێزگاکان پێشکەشی دەکەن، پاشان کاریگەرییەکەی دەگاتە نەخۆشخانە حکوومی و ئەهلییەکان.

لە کۆتاییدا هۆشداری دا، پیسبوونی ئاو دەبێتە هۆی 13 نەخۆشی بۆ مرۆڤ، لەوانە تێکچوونی کۆئەندامی هەرس، هەوکردنی کۆئەندامی میز، و لە هەموویان مەترسیدارتر متلازیمەی تێکچوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێنە، کە بەهۆی تووشبوون بە جۆرە بەکتریایەکەوە روو دەدات و دەبێتە هۆی تێکشکانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن، پەککەوتنی گورچیلە، دابەزینی توندی پەڕەکانی خوێن و چەندین هەوکردنی دیکە لە جەستەدا.

 
لاڤین عومەر ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news