Skip to content
krd24.netkrd24.net

ئیسرائیل بەرپرسێکی باڵای دارایی حەماس لەناو دەبات

ئیسرائیل بەرپرسێکی باڵای دارایی حەماس لەناو دەبات
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێرشەکانی ئیسرائیل

سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی گشتی "شاباک"رایانگەیاند؛ لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر خان یوونس لە باشووری کەرتی غەززە، محەممەد ئەبو عەلوان، بەرپرسی بەشی دارایی حەماسیان کوشتووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی هاوبەشی هەردوو لایەن، ئەبو عەلوان کە دەیەیەک لەمەوبەر دەستبەکاربووە، بەرپرسیارێتیی ئامادەکردنی بودجەی سەرجەم لقەکانی حەماسی لە ئەستۆ بووە. ئەو لە ماوەی جەنگدا زیاتر لە 1 ملیار شیکلی بۆ دابینکردنی چالاکییەکان گواستووەتەوە و وەک کەسایەتییەکی سەرەکی لە بەڕێوەبردن و مانەوەی رێکخراوەکە رۆڵی گێڕاوە.

راگەیەندراوەکە روونیکردەوە، هەوڵەکانی ئەبو عەلوان بۆ گەڕاندنەوەی تواناکانی حەماس وایکردووە بکرێتە ئامانجی هێرشێکی ئاسمانی، ئەوەش بە مەبەستی نەهێشتنی ئەو هەڕەشەیەی دروستی کردبوو.

سوپا و شاباک جەختیانکردەوە، هەوڵەکانیان بۆ لاوازکردنی توانای دارایی حەماس و رێگریکردن لە گەڕاندنەوەی ژێرخان و توانای سەربازییان بەردەوامە. ئەو ئامانجە لە رێگەی لەناوبردنی ئەوانەی بە تیرۆریست ناویان بردوون و بەئامانجگرتنی تۆڕی ئاڵوگۆڕکاران و ئەو نێوەندگیرانەوە دەبێت کە لە گواستنەوەی سەدان ملیۆن دۆلار تێوەگلاون.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پێش هێرشەکە هەنگاو نراوە بۆ کەمکردنەوەی زیان بە مەدەنییەکان، لەوانە بەکارهێنانی تەقەمەنی ورد و چاودێریی ئاسمانی. هێزەکانی ئاسایش بە سەرکردایەتیی فەرماندەیی ناوچەی باشوور لە ناوچەکەدا جێگیرن و بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەکی دەستبەجێ.

 
لاڤین عومەر ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news