Skip to content
krd24.netkrd24.net

تۆم بەڕاک: رێککەوتنی تورکیا و عێراق سەروەریی بەغدا و ئاسایشی ئەنقەرە دەپارێزێت

تۆم بەڕاک: رێککەوتنی تورکیا و عێراق سەروەریی بەغدا و ئاسایشی ئەنقەرە دەپارێزێت
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست عێراق و تورکیا

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق رایگەیاند، رێککەوتنی نێوان ئەنقەرە و بەغدا بۆ ڕادەستکردنەوەی سەربازگەی زێلکان وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگە، کە هاوکات لە بەرژەوەندیی سەروەریی خاکی عێراق و دابینکردنی ئاسایشی تورکیادایە.

تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق  لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی کشانەوە و رادەستکردنەوەی بنکەی زێلکان بە حکوومەتی عێراق رایگەیاندووە” مێژوو کەمجار وەرچەرخانەکانی خۆی بە دەنگی بەرز رادەگەیەنێت، بەڵکو لە بێدەنگیدا نەخشەیان دەچنێت، گەڕاندنەوەی زێلکان لەلایەن ئەنقەرەوە بۆ بەغدا بەگوێرەی میکانیزم و خشتەیەکی کاتیی رێککەوتوو لەسەر، نموونەیەکی بەرچاوی ئەو وەرچەرخانەیە تێیدا هەم سەروەریی عێراق و هەم ئاسایشی تورکیا دەستەبەر دەکرێن”.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەربارەی هاوکێشە سیاسی و ئەمنییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تۆم بەراک ئاماژەی بەوە کردووە، “ئەوەی لە دوورەوە وەک پشێوی و نائارامی دەردەکەوێت، لە ڕاستیدا ناوچەیەکە کە خەریکە لەسەر دەستی خۆی نەزم و هاوسەنگییەکی نوێ دادەڕێژێتەوە”.

چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا و نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیەنەراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە نیویۆرک کۆبوونەوەیەکی باڵایان ئەنجام داوە و ئیرادەی هاوبەشی هەردوو وڵاتیان لەسەر چەندین پرسی هەستیار و ستراتیژی خستووەتە روو.

بە پێی راگەیەنراوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی سەرجەم رەهەندەکانی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات کراوە؛ هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر قووڵکردنەوە و برەودان بە هاوکارییەکان لە بواری ئەمنیدا.

لەم چوارچێوەیەشدا، هەردوولا رێککەوتن لەسەر سەپاندن و چەسپاندنی تەواوەتیی دەسەڵاتی دەوڵەت لە قەزای شنگال و، کۆتاییهێنان بە بوونی سەرجەم گرووپی چەکداری بیانییە قەدەخەکراوەکان لەو ناوچەیەدا.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە سایەی بەرەوپێشچوونی ئەم رێکارە ئەمنییانەی عێراق و لە چوارچێوەی میکانیزم و خشتەیەکی کاتی، هێزەکانی تورکیا بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ (پلەبەندی) بنکەی سەربازیی زێلکان لە شارەدێی باشیکی سەر بە پارێزگای نەینەوا دەکشێنەوە و رادەستی حکوومەتی عێراق دەکەنەوە.

 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news