Skip to content
krd24.netkrd24.net

فوئاد حوسێن و عێراقچی لە نیویۆرک کۆبوونەوە

فوئاد حوسێن و عێراقچی لە نیویۆرک کۆبوونەوە
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست عێراق وئێران فوئاد حوسێن

 وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی کارەکانی خولی 81ـەمینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

چوارشەممە 23ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی راوێژ و هەماهەنگیی هاوبەش کردەوە لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەنووکەییەکان و پشتیوانیکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچەکەدا. لەو چوارچێوەیەشدا فوئاد حوسێن جەختیکردەوە لەسەر بایەخی بەردەوامیی دیالۆگی نێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنیان.

لای خۆیەوە، عەباس عێراقچی کورتەیەکی لەبارەی ئەو پەیوەندی و گفتوگۆ ناڕاستەوخۆیانە خستەڕوو کە لە رێگەی وڵاتێکی نێوەندگیرەوە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان تاران و واشنتندا دەستیانپێکردووە، بە ئامانجی هێورکردنەوەی دۆخەکە و تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیی دەریاییدا.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندن بۆ دەرئەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوە هاوبەشە کرا کە بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نێوان وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو، عێراق، ئوردن، سووریا، لوبنان، میسر و تورکیا بەڕێوەچوو، هاوکات تیشک خرایە سەر رۆڵی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ سەرخستنی هەوڵەکانی ئارامکردنەوەی رەوشەکە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوو وەزیر پێداگرییان لەسەر بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ راگرتنی پەرەسەندنەکان و بەهێزکردنی دەرفەتەکانی گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە بکات.

 

فوئاد حوسێن و عێراقچی لە نیویۆرک کۆبوونەوە
فوئاد حوسێن و عێراقچی لە نیویۆرک کۆبوونەوە

 

 
کاروان شوانی ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news