بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان (KMCA) هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و دەرمانخانەکان لە بوونی باچێکی ساختەی دەرمانی "تاڤانیک"و ڕایدەگەیەنێت کە تەنانەت ستیکەری فەرمیی دەرمانەکەش ساختە کراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی ئاگادارییەکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی (KMCA)، باچێکی دەرمانی تاڤانیک بە ناوی زانستی و بازرگانیی (TAVANIC 500 mg tab) بە ژمارەی باچی «3LG5A» و بەرواری بەسەرچوونی «10/2027» ساختەیە.
لەبارەی چۆنیەتی ئاشکراکردنی ساختەکارییەکە، بەڕێوەبەراتییەکە روونی کردووەتەوە، لە رێگەی بەکارهێنانی ئەو ئامێرە تایبەتەی لە سەرجەم دەرمانخانەکاندا جێگیرکراوە توانراوە دەرمانە ساختەکە ئاشکرا بکرێت؛ بە جۆرێک کاتێک موگناتیسی ئامێرەکە ئاراستەی چوارگۆشە رەشەکەی سەر ستیکەرەکە کراوە، رەنگەکەی نەگۆڕاوە بۆ سەوز، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە ستیکەرە نانۆتەکنەلۆجییەکەی سەر دەرمانەکە لە بنەڕەتدا ساختە کراوە.
هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە، دوای پشکنینی سیستەمی ئەلیکترۆنیی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکە، دەرکەوتووە ئەو ژمارە باچە بەو بەرواری بەسەرچوونەوە بوونی نییە و بەرهەمەکە بە تەواوی نایاسایی و ساختەیە.
لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی KMCA سەرجەم دەرمانخانەکان، کۆگاکانی دەرمان و هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ئەو دەرمانە بەو ژمارە باچە نەکڕن و مامەڵەی پێوە نەکەن، هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکات لەکاتی کڕینی هەر دەرمانێک لە دەرمانخانەکان، داوا لە دەرمانساز بکەن بە ئامێری موگناتیسیی دژەساختە پشکنین بۆ چوارگۆشە ڕەشەکەی سەر ستیکەرەکە بکات بۆ دڵنیابوونەوە لە رەسەنایەتییەکەی.




