Skip to content
krd24.netkrd24.net

موحسین رەزایی: فڕۆکەی ئێمە نەفڕێت، فڕۆکەی کەستان نافڕێت

موحسین رەزایی: فڕۆکەی ئێمە نەفڕێت، فڕۆکەی کەستان نافڕێت
جەنگی ئێران سیاسی
جیهان جەنگی ئێران و ئەمریکا گەمارۆکانی سەر ئێران

 ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانمان بە مانای پەکخستنی فڕۆکەخانەکانی ناوچەکە دێت. 

چوارشەممە 23ـی ئەیلوولی 2026، موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، هۆشداریی دایە وڵاتانی ناوچەکە لە قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران و رایگەیاند، گرتنەبەری هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی پەککەوتنی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتانەشدا.

رەزایی لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند: داوا لە تەواوی دەوڵەتانی ناوچەکە دەکەین و لێیان دەخوازین نەچنە نێو سەرکێشییەکانی ئەمریکاوە. ئەگەر رێگری لە گەشتی فڕۆکە ئێرانییەکان بکەن، فڕۆکەخانەکانی ئەوانیش ناتوانن گەشتە ئاسمانییەکانیان بەڕێوەببەن. رەزایی رووی دەمی کردە وڵاتانی دراوسێ و گوتی: ئێوە دۆستی ئێمەن، بەڵام نابێت بچنە بەرەی ئەمریکاوە، بەڵکو دەبێت رێگری لە فراوانبوونی جەنگ بکەن.

ئەم هەڵوێستەی تاران دوای ئەوە دێت، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای ئەم مانگەدا تەواوی کەرتی گواستنەوەی ئاسمانیی ئێرانی خستە لیستی سزاکانەوە و هەڕەشەی سزادانی هەر لایەن و کۆمپانیایەکی کرد کە هاوکاری یان مامەڵە لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکانی ئێراندا بکات.

هاوکات لە درێژەی ئەم گوشارانەدا، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دووشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو،، لە ژێر کاریگەری و قورسایی ئەو سزایانەدا، لە چوارشەممەوە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران کارەکانیان رادەگرن.

 
کاروان شوانی ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news