Skip to content
krd24.netkrd24.net

وەزارەتی دارایی عێراق کار بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی کوردستان دەکات

وەزارەتی دارایی عێراق کار بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی کوردستان دەکات
ئابووری
دانەر عەبدولغەفار
دانەر عەبدولغەفار
کوردستان

وەزارەتی دارایی عێراق فەرمانگەی بودجەی راسپارد بۆ جێبەجێکردنی پلەبەرزکردنەوە و پێدانی دەرماڵە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بە ئامانجی بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەتدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕیـی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق فەرمانگەی بودجەی راسپاردووە تاوەکوو بەگوێرەی رێنماییەکان داواکاریی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات و دەرماڵەیان هاوشێوەی عێراق بۆ خەرج بکرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوە کرد، پێشتر لە نووسراوێکدا بۆ وەزیری دارایی عێراق داوای کردبوو، رەزامەندی لەسەر پێدانی دەرماڵە و پلەبەرزکردنەوەی وەزیفی بە فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدرێت. ئاماژەی بەوە دا، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی نەهێشتنی جیاوازی و بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەری و یەکسانی دێت لە نێوان سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەتدا، بەتایبەتی چەند ساڵێکە فەرمانبەرانی هەرێم لەو مافانە بێبەش بوون.

بەپێی ناوەڕۆکی داواکارییەکە، داوا کراوە ساڵانی رابردوو بۆ مەبەستی دەرماڵە و پلەبەرزکردنەوە بۆ فەرمانبەران هەژمار بکرێن و شایستە داراییەکانی پەیوەست بەو ماوەیەش خەرج بکرێن. 

دانەر عەبدولغەفار، جەختی کردەوە، جێبەجێکردنی ئەم داواکارییە لە لایەن فەرمانگەی بودجەوە، کاریگەریی ئەرێنی و راستەوخۆی لەسەر باشترکردنی دۆخی وەزیفی و گوزەرانی فەرمانبەران دەبێت.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، روونیشی کردەوە، لە نێو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـدا جێگە بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی مافەکانیان مسۆگەر بکرێت و کێشەی داراییان بۆ دروست نەبێت.

راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، یەکێکە لە کێشە کەڵەکەبووەکانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان. لە ساڵی 2016ـەوە بەهۆی قەیرانی دارایی، شەڕی داعش و بڕینی بەشەبودجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناچار بوو وەک بەشێک لە رێکارەکانی کەمکردنەوەی خەرجییەکان، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی راگرێت. 

 

 
 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news