برێت مەکگۆرک، هەماهەنگیکاری پێشووی کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەـی راگەیاند، پێویستە مەرسوومی کۆماریی ژمارە 13 لە دەستووری سووریادا بچەسپێندرێت، چونکە ئەو مەرسوومە مافەکانی کورد بە فەرمی دەناسێنێت.
مەکگۆرک جەختیکردەوە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکوومەتی دیمەشق دان بە قوربانییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بنێن و رێز لەو خەباتە بگرن.
سەبارەت بە داهاتووی سووریا، مەکگۆرک گوتی "هەمیشە ویستوومانە سووریایەکی یەکگرتوو ببینین. لە سەردەمی رووبەڕووبوونەوەی داعش، لە نزیکەوە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات کارمان دەکرد و هەمیشە گفتوگۆمان لەسەر ئەوە دەکرد کە لە داهاتوودا بەو هیوایەین لە حکوومەتی نوێی دیمەشق لەگەڵ دەوڵەت تێکەڵ ببنەوە".
مەکگۆرک سەبارەت بە سەختییەکانی ئەو پرۆسەیە ئاماژەی بەوەدا "ئەمە پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزە و ئالنگاریی زۆری لەبەردەمدایە. زۆر گرنگە جیهان دان بەو دەستکەوتانەدا بنێت کە هەسەدە بۆ جیهانی بەدەستهێنا و حکوومەتی دیمەشقیش ئەو قوربانییانە بە هەند وەربگرێت".
مەکگۆرک لەبارەی گرنگیی مەرسوومی ژمارە 13 بۆ داهاتووی سووریا روونیکردەوە، پێویستە ئەو مەرسوومە ببێتە بەشێکی سەرەکی لە دەستووری سووریا، چونکە ئەوە وەڵامێکی گرنگ و بنەڕەتییە بۆ دۆخی وڵاتەکە.
هەماهەنگیکاری پێشووی کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەشی خستەڕوو، هەموو لایەک خوازیاری سەقامگیری و سەرکەوتنی سووریان، بەتایبەت دوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش دەیە بەسەر نەهامەتییەکانی ئەو وڵاتەدا.
مەکگۆرک لە کۆتاییدا دووپاتیکردەوە، سەرەڕای ئەو هیوایانە، بە وردی بیر لە ئالنگارییە چاوەڕوانکراوەکانی داهاتووی سووریا دەکاتەوە.




