درەنگانی شەوی رابردوو عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیویۆرک پێشوازی لە رۆس پیرۆت، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیای HKNـی ئەمریکی و شاندێکی یاوەری کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، عەلی زەیدی داوای لە کۆمپانیا ئەمریکییەکە کردووە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە وجێبەجێکردنی پڕۆژەکان خێراتر بکەن، هەروەها پابەندییە گرێبەستییەکانیان لە عێراق زیاتر بکەن، بەتایبەت ئەو بەشانەی پەیوەندییان بە زیادکردنی بەرهەمی نەوتەوە هەیە.
سەرۆکوەزیران روونیکردەوە، حکوومەت ئامادەکاری دەکات بۆ رێکخستنی کۆنفرانسی وزەی بەغدا، لەو کۆنفرانسەدا ناوچەی گەڕان و پشکنینە نوێیەکانی عێراق رادەگەیەنرێن، کە وەک دەرفەتێکی گرنگی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا گەورەکانی جیهان سەیر دەکرێن.
زەیدی جەختیشیکردەوە، حکوومەت کار دەکات بۆ نەهێشتنی ئاستەنگ و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی دەبنە هۆی دواکەوتنی پڕۆژەکان و پابەندیی کۆمپانیاکان.
شاندی کۆمپانیاکە ئامادەیی خۆیان بۆ زیاترکردنی هاریکارییەکان، بەرزکردنەوەی ئاستی کارکردن و خێراکردنی رێڕەوی جێبەجێکردن دەربڕی، بەجۆرێک خێراکردنی پڕۆسەکە و پابەندبوون بە گەیشتن بە ئامانجەکان مسۆگەر بکات.




