Skip to content
krd24.netkrd24.net

لە رانیە سێیەمین فێستیڤاڵی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار دەستپێدەکات

لە رانیە سێیەمین فێستیڤاڵی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار دەستپێدەکات
ئابووری
کوردستان راپەڕین پێشانگەی کشتوکاڵ و پیشەسازی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی

سبەی پێنجشەممە لە پارکی دەروازەی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین؛ سێیەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان لەژێر ناونیشانی "گەشت و کاڵ"دەستپێدەکات. بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی راپەڕینیش رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 150 کۆمپانیا و جووتیار بەشداری تێدا دەکەن و ئامانجیان ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و راکێشانی گەشتیارانە.

چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، ئەحمەد حەکیم، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی راپەڕین لە لێدوانێکدا تایبەت بەـی راگەیاند: "ماوەی 20 رۆژە ئامادەکاری زۆر باشمان کردووە لەلایەن لێژنەی ئامادەکار و سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکەوە. فێستیڤاڵەکە سێیەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانە و بە ناوی 'گەشت و کاڵ' ئاوێتەکردنی گەشتوگوزار و کشتوکاڵە، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی راپەڕین، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری راپەڕین، کۆمپانیایەکی تایبەت و پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕێوەدەچێت."

ئاماژەی بەوەش دا: "دەمەوێت کارێکی جوان و ناوازە بکەین لە ئاستی گەورەیی ئیدارەی راپەڕین و خەڵکە قوربانیدەرەکەی، چونکە ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی زۆر گرنگی هەم گەشتیاری هەم کشتوکاڵییە. هاوکات سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەش دەکەین کە هاوکارمان بوون."

سەبارەت بە کات و شێوازی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی راپەڕین گوتی: "فێستیڤاڵەکە سێ رۆژ بەڕێوەدەچێت، بەیانی پێنجشەممە 24ـی ئەیلوول کاتژمێر 10ـی بەیانی دەستپێدەکات و رۆژانی 24، 25 و 26ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت. هەموو جۆرە بەروبوومێکی گەشتیاری و کشتوکاڵی تیایدا نمایش دەکرێت و ئامانجمانە نەک تەنیا خەڵکی سنوورەکە، بەڵکوو هەموو کوردستان بێن بۆ سەردانیکردنی فێستیڤاڵەکە و بەرهەمە سروشتی و ئۆرگانیکییەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین ببینن."

ئەحمەد حەکیم روونیشیکردەوە: "بەشداربووان لەچاو دوو ساڵی رابردوو زۆر زیاترن و ئێمەش سوودمان لە هەڵەکانی دوو ساڵی رابردووی خۆمان بینیوە. تا ئێستا 150 کۆمپانیا و جووتیار ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی بەشداربن و بەرهەمەکانیان نمایش بکەن. ئامانجی سەرەکیمان لەم جۆرە فێستیڤاڵانە نمایشکردنی بەرهەمی ناوخۆی سنوورەکە و ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانە."

فێستیڤاڵەکە لە پارکی دەروازەی راپەڕین بەڕێوەدەچێت و سبەی 150 کەپر ئامادەکراوە، ئەگەرچی داواکاری هەبووە کەپری زیاتر ئامادەبکرێت. هەروەها بەشێک لە کەپرەکان خواردنی کوردەواری و خواردنی دیکەی لێ دەفرۆشرێت.

ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بەشێکە لە ستراتیژی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی گەشتوگوزارەوە، کە پەرەی پەرەپێدەدرێت بە مەبەستی هێنانی گەشتیاران بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێم و ناساندن و ساخکردنەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی جووتیارانی ناوخۆ.

 
 
ئیسرا ئەنوەر ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news