Skip to content
krd24.netkrd24.net

میری قەتەر: ململانێکانی ناوچەکە بە تێپەڕبوونی کات چارەسەر نابن

میری قەتەر: ململانێکانی ناوچەکە بە تێپەڕبوونی کات چارەسەر نابن
سیاسی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەتەر ئیسرائیل گەرووی هورمز

میری قەتەر جەختی کردەوە، تەنیا رێگە بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەکانی ناوچەی کەنداو بریتییە لە گرتنەبەری دیپلۆماسی، کردنەوەی گەرووی هورمز و گەڕانەوە بۆ مێزی دانوستانەکان، هاوکات هۆشداری دا لەوەی ناوچەکە یەکێک لە مەترسیدارترین قۆناخەکانی مێژووی خۆی بە رێ دەکات بەهۆی دواخستنی چارەسەرە راستەقینەکان.

سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، لە میانی گوتارێکیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر پرسە هەنووکەیییەکانی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستە روو و رایگەیاند: ناوچەکەمان بە یەکێک لە مەترسیدارترین قۆناخەکانی خۆیدا تێدەپەڕێت، کە ئەنجامی ساڵانێک لە دواخستنی کێشەکان و پێشکەشکردنی چارەسەری ناواقیعییە.

میری قەتەر جەختی لەوە کردەوە، هێشتا وڵاتەکەی تەواو باوەڕی وایە کێشەکانی کەنداو لە بە رێگەی دیپلۆماسی، کردنەوەی گەرووی هورمز و گەڕانەوە بۆ مێزی دانوستانەکان چارەسەر دەکرێن، و گوتی: نابێت دەرفەتی چارەسەری ئاشتییانە و دیپلۆماسی لەدەست بدرێت، چونکە لای ئێمە ژیری و پێداگری دوو دیوی یەک دراون؛ کات ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو باجەکەیان چەند هێندە دەکات.

هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەی سەرەکیی ئێستا بریتییە لە نەبوونی سیستەمێکی ئاسایشی بەکۆمەڵ لە ناوچەکەدا کە هاندەر بێت بۆ چارەسەری ئاشتییانە.

سەبارەت بە پرسی فەڵەستین، شێخ تەمیم بن حەمەد بە توندیەکانی غەززەی شەرمەزار کرد و گوتی: ئەوەی لە غەززە روویدا لەکەیەکی شەرمەزارییە بە رووی تەواوی مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژییە بە هەموو مانایەکی وشە.

ئاماژەی بەوەش دا، سەرکردەکانی ئیسرائیل بە ئاشکرا باسی کۆچپێکردنی زۆرەملێی خەڵکی غەززە دەکەن و، هۆشداری دا، ئەو بیرۆکەیە هەموو هەوڵێک بۆ ئاسانکردنی ژیانی دانیشتووانی کەرتەکە پەکدەخات.

میری قەتەر جەختیشی کردەوە، دەوحە لە رۆژی یەکەمەوە لە هەوڵی نێوەندگری نەوەستاوە تا گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست و، ئێستاش کار بۆ جێگیرکردنی ئاگربەستەکە و گۆڕینی بۆ ئاشتییەکی بەردەوام دەکات، هاوکات داوای لە ئیسرائیل کرد پابەند بێت بە بەڵێنەکانی بۆ کشانەوە لە غەززە و هەڵگرتنی گەمارۆ.

میری قەتەر باسی لە پەرەسەندنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە کرد و گوتی: دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل پەلی هاویشتووە بۆ وڵاتانی دراوسێ و هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکات، لەوانەش سوریا؛ هەروەها ئیسرائیل بە ئاشکرا پابەندنەبوونی خۆی بە رێککەوتنەکان لەگەڵ لوبنان رادەگەیەنێت و هەوڵ دەدات بە لۆژیکی سەرپەرشتیکردن مامەڵەی لەگەڵدا بکات، لەم روانگەیەوە جەختی کردەوە کە دەبێت لوبنان سەروەریی بەسەر تەواوی خاکەکەیدا هەبێت. 

 
دیجیتاڵ میدیا ,
Source: krd24.netVia: Kurdistan 24

Related news